زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی
Search

وتاری بەڕێز سەرۆكی زانكۆ لە شەشەمین ڕێوڕەسمی دەرچووان

زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی : وتاری بەڕێز سەرۆكی زانكۆ لە شەشەمین ڕێوڕەسمی دەرچووان

به‌ڕێزان ئاماده‌بوانى ڕێوڕه‌سمى شه‌شه‌مین خولى ده‌رچووانى زانكۆ..
ئازیزان قوتابیان و خوێندكارانى شه‌شه‌مین خولی زانكۆكه‌مان
      سه‌ره‌تا خۆشحاڵم به‌ناوى خۆم و به‌ڕێزان ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى زانكۆ گه‌رمترین پیرۆزبایى ئاراسته‌ى ئێوه‌ى ئازیز ده‌كه‌م كه‌ به‌ توانای خۆتان و به‌ هاوكاری كه‌س و كارتان ومامۆستایانى دڵسۆز و سه‌رجه‌م ستافى زانكۆوه‌ توانیتان كه‌ سوپاس بۆخوا بگه‌نه‌ ئه‌مڕۆژه‌ و چوارساڵى زانكۆتان به‌سه‌ركه‌وتویى ته‌واوبكه‌ن..
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز...
      ئاشكرایه‌ لای هه‌مووان كه‌ زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی له‌ماوه‌ی نۆ ساڵی ته‌مه‌نیدا توانیویه‌تی هه‌نگاوی زانستی گه‌وره‌ بنێت. ئه‌وه‌ش به‌هۆی له‌به‌رچاوگرتنی پێوه‌ره‌ زانستییه‌كان و پابه‌ندبوونی زانكۆ به‌ سه‌رجه‌م رێنمایه‌كانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستى یه‌وه‌ له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ جێ به‌جێ كردنى سه‌رجه‌م ڕێنموییه‌كانى به‌ڕێز                   خاوه‌نى زانكۆ(پرۆفیسۆر دكتۆر عه‌لی قه‌ره‌داغی) كه‌ هه‌میشه‌ پاڵپشتى مادى و مه‌عنه‌وى زانكۆ بووه‌و هانده‌رێكى ته‌واوى به‌ره‌وپێشچوونى پرۆسه‌ى خوێندن و داهێنان بوه‌ له‌ زانكۆدا، بۆیه‌ به‌ناوى هه‌مووانه‌وه‌ سوپاس و ڕێزمان بۆ جه‌نابى دوپات ده‌كه‌ینه‌وه‌.
به‌ڕێزان...
       له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا، بۆ یه‌كه‌مجار، ریزبه‌ندی نیشتمانی بۆ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراو له‌ هه‌ردوو ساڵه‌كه‌شدا زانكۆمان، زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی،                پله‌ی یه‌كه‌می له‌سه‌ر ئاستی زانكۆكانی هه‌رێم به‌ده‌ستهێناوه‌‌. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕاى  پله‌ى یه‌كه‌مى ‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستى زانكۆتایبه‌ته‌كانى عێراق ئه‌مساڵ به‌ده‌ستى هێنا هه‌روه‌ك له‌لایه‌ن ده‌زگاى وێبۆمه‌تریكس كه‌تایبه‌ته‌ به‌ ڕیزبه‌ندى زانكۆكان، هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌هۆی ئه‌و هه‌وڵه‌ چڕوپڕه‌ زانستییه‌یه‌ كه‌ ستافی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆو مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و خوێندكارانی ئازیز گرتویانه‌ته‌به‌ر. له‌راستیدا، گه‌یشتن به‌ پله‌ی یه‌كه‌می له‌سه‌ر ئاستی زانكۆكانی هه‌رێم كارێكی ئاسان نه‌بوو. به‌ڵام ئه‌و ئاماده‌ییه‌ زانستییه‌ی هه‌مووان وایكرد بگه‌ینه‌ ئه‌و ئاسته‌. ئێستاش پاراستنی ئه‌و پله‌ یه‌كه‌مییه‌ بۆ ئه‌مساڵ و ساڵانی داهاتوو ئامانجی سه‌ره‌كی زانكۆمانه‌. له‌هه‌مان كاتدا له‌ چه‌ندین ریزبه‌ندی جیهانیدا ئاستی زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی به‌رده‌وام له‌به‌ره‌وپێشچووندایه، ئه‌مه‌ش كارێكی هیوا به‌خشه‌، دڵنیاشبن له‌م بواره‌دا  به‌رده‌وام هه‌وڵى زیاتر ده‌ده‌ین.
ئازیزان ده‌رچووانى خولى شه‌شه‌مى زانكۆ..
      خۆشحاڵین له‌م بۆنه‌یه‌دا پێتان ڕابگه‌یه‌نین كه‌ زانكۆكه‌تان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى عێراقى فیدراڵ دانى پێدانراوه‌و به‌وه‌ش خوێندكاران و قوتابیانمان له‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا به‌بێ هیچ گرفتێك ده‌توانن درێژه‌ به‌خوێندنى خۆیان بده‌ن.
ده‌رچووانی خۆشه‌ویست..
    مژده‌ى ئه‌وه‌تان ده‌ده‌ینێ كه‌ زانكۆكه‌تان ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستانی وه‌رگرتووه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی خوێندنی ماسته‌ر بۆ ساڵى خوێندنى (2017-2018) ئه‌مه‌ش هه‌لێكی گرنگه‌ بۆ ئێوه‌ی ده‌رچووانی ئه‌مساڵ و ده‌رچووانی ساڵانی پێشوو هه‌روه‌ها ده‌رچووانی زانكۆكانیتر، تا به‌هۆیه‌وه‌ درێژه‌ بده‌ن به‌ خوێندنی باڵا.


ده‌رچووانی به‌ڕێز...

له‌كۆتایدا هیوادارم كه‌ به‌پێى پسپۆڕییه‌كانى خۆتان بتوانن خزمه‌ت به‌ كوردستانى ئازیزمان بكه‌ن و دووباره‌ پیرۆزبایتان لێده‌كه‌م و هه‌میشه‌ سه‌ركه‌وتوبن.

 

پ.د. مەریوان ئەحمەد ڕەشید

سەرۆکی زانکۆ

2017-10-23