لە رانكی نێودەوڵەتی وێبۆماتریكس: زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی یەكەمی زانكۆ تایبەتەكانە لە ئاستی عێراقدا
Search

لە رانكی نێودەوڵەتی وێبۆماتریكس: زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی یەكەمی زانكۆ تایبەتەكانە لە ئاستی عێراقدا


2017-07-28 (هەینی) [ زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی ]

زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی وەك زانكۆیەكی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بەردەوام لە گەشەسەندن و فراوان بووندایە، ئەم بەرەوپێش چوونەش لە ئەنجامەكانی زانكۆ لە نێوخۆو دەرەوەدا رەنگی داوەتەوە.
دوای ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو زانكۆكەمان یەكەمی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بوو بە پێی هەڵسەنگاندنی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان. ئەم سەركەوتنانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەردەوامەو ئەمڕۆ 28/7/2017 لە نوێترین هەڵسەنگاندنی زانكۆ جیهانییەكان لە لایەن پێگەی (webometrics) كە پێگەیەكی جیهانی تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی زانكۆ جیهانییەكان، زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی هەنگاوێكی گەورەی ناوە لەسەر ئاستی جیهانی و نێوخۆیی، بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەم دەزگا جیهانییە لە ئێستادا زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی زانكۆی پلە یەكە لە نێو سەرجەم زانكۆ تایبەتیەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، وە زانكۆی پێنجەمە لەسەر ئاستی زانكۆ تایبەت و حكومییەكانی كوردستان.
لە وتەیەكیدا بۆ سایتی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بەڕێز پڕۆفیسۆر د.مەریوان احمد رشید سەرۆكی زانكۆ، بەبۆنەی ئەم سەركەوتنە مەزنەی زانكۆكەمانەوە رایگەیاند:
سەرەتا بە بۆنەی ئەم سەركەوتن و دەستكەوتە ناوازەیەوە پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە خاوەنی زانكۆ بەڕێز پڕۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی دەكەم كە بە هەوڵ و ماندبوونی بەڕێزیان و پشتگیری ماددی و مەعنەویان هەر لە سەرەتای دروستبوونی زانكۆوە هۆكاری گەشەسەندنی زانكۆ بووە، پاشان سوپاس و دەستخۆشیم بۆ سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی زانكۆو سەرۆك بەشە بەڕێزەكان و سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانمان كە بە هەوڵ و كۆششی هەموو لایەك گەیشتووینەتە ئەم ئاستە، هەوڵ و ماندووبوونی بەردەوامی هەمووان بوویە هۆكاری ئەم سەركەوتنە مەزنە كە لەمڕۆدا بەپێی هەڵسەنگاندنی دەزگای نێودەوڵەتی وێبۆماتریكس زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بوویە زانكۆی پلە یەك لەسەر ئاستی زانكۆ تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان و هەروەها زانكۆی پێنجەم لەسەر ئاستی زانكۆ تایبەت و حكومیەكانی كوردستان، وە پلەی چوارەدەهەم لەسەر ئاستی زانكۆكانی عێراق. لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ سایتەكەمان بەڕێز سەرۆكی زانكۆ ئاماژەی بەوەش دا كە: سەرەڕای ئەم سەركەوتنانەش زانكۆكەمان گەیشتە پلەی (7922) لەسەر ئاستی زانكۆ نێودەوڵەتییەكان، لە كاتێكدا پارساڵ زانكۆ لە پلەی (19100)دا بوو، وە سەرەتای ئەمساڵیش توانی بگاتە پلەی (11356) و ئێستاش بۆ ئەم پلە نوێیە هەنگاو بنێت. هەموو ئەم سەركەوتنانەش دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە زانكۆ هەمیشە لە بەرەوپێشچوون و گەشەسەندندایە بۆ خزمەتی زیاتری میللەتەكەمان.
شایانی باسە پێگەو دەزگای وێبۆماتریكس گەورەترین دەزگای نێودەوڵەتییە كە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی زانكۆكان و لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای توێژینەوەی زانستی لە وڵاتی ئیسپانیاوە بەڕێوە دەبرێت و ساڵی دووجار هەڵسەنگاندن بۆ زانكۆ جیهانییەكان دەكات، ئەمەش بە مەبەستی هاندان و بەرەوپێش بردنی زانكۆكان و دەزگا زانستییە جیهانییەكان.
بۆ بینینی لینكی زانكۆ عێراقییەكان لە پێگەی ناوبراو كلیك لەم لینكەی خوارەوە بكە:

http://webometrics.info/en/Asia/Iraq

uhd.edu.iq : University of Human Development