زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی یاداشتی لێكگەیشتن لەگەڵ چوار زانكۆی باكوری كوردستان و پڕۆتۆكۆڵی پڕۆگرامی مەولانا واژۆدەكات
Search

زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی یاداشتی لێكگەیشتن لەگەڵ چوار زانكۆی باكوری كوردستان و پڕۆتۆكۆڵی پڕۆگرامی مەولانا واژۆدەكات


2017-05-18 (پێنجشەم) [ زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی ]

لە میانەی سیمپۆزیەمی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و زانكۆكانی توركیا كە لە رۆژانی ١٧ تا ١٩ی ئایاری ٢٠١٧ لە شاری (وان)ی باكوری كوردستان بە بەشداری پازدە زانكۆی توركیا و پازدە زانكۆی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی وەك تەنها زانكۆی ناحكومی كوردستانی باشوور بەشداری لە سیمپۆزیەمەكە دەكات پاش بەدەستگەیشتنی بانگهێشتنامەی فەرمی لە لایەن زانكۆی (یۆزینج یەڵ)ی شاری (وان)ی باكوری كوردستان كە تاكە زانكۆی ئەو پارێزگایەیە و زیاتر لە سی و دوو هەزار خوێندكار لەخۆ دەگرێت. لە میانەی سیمپۆزیەمەكەدا، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. رەئوف كەریم مەحمود (راگری كۆلێجی زمان) كە بە نوێنەرایەتی بەڕێز سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بەشداری دەكات، وەك یەكێك لە پانێڵیستە سەرەكیەكانی سیمپۆزیەمەكە باسی لە پێگەی زانستی و ئەكادیمی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی كرد و ئاماژەی دا بەو پێشكەوتنە بەرچاوەی زانكۆكەمان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا هەنوكە بە دەستی هێناوە و جەختی لەسەر گرنگی هەماهەنگی نێوان زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و زانكۆكانی وڵاتانی دراوسێ كردەوە لە رێگەی ئاڵوگۆڕی خوێندكار و مامۆستا و پڕۆگرام و چالاكی زانستی و ئەكادیمی و كەلتوری هاوبەش. هاوكات باسی لە گرنگی و كاریگەری پەیڕەوكردنی سیستەمی بۆڵۆنیا كرد كە وەك یەكەم زانكۆ لە هەرێمی كوردستان بە پشتگیری وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستی پێكردوە.

هەر لە میانەی بەشداریكردنی نوێنەری زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی، یاداشتی لێكگەیشتن لەگەڵ چوار زانكۆی بەناوبانگی توركیا لە نێوان سەرۆكی ئەو زانكۆیانە و نوێنەری سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی واژۆكرا. بە پێی هەر یەكێك لەو رێكەوتننامانە، زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی دەتوانێت بە هاوبەشی لەگةڵ ئەو زانكۆیانە چالاكی و هەماهەنگی و پڕۆژەی هاوبەشی زانستی و ئەكادیمی جۆراوجۆری هەبێت. زانكۆكانیش بریتین لە (زانكۆی فیرات، زانكۆی بینگۆڵ، زانكۆی سییرت، زانكۆی یوزینج یەڵ). لە بەشێكی دیكەی چالاكی سیمپۆزیەمەكەدا، پڕۆتۆكۆڵی بەشداریكردن لە پڕۆگرامی بەناوبانگی (مەولانا) لە نێوان زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی و زانكۆی یوزونج یەڵی توركیادا واژۆكرا كە چەندین پەیوەندی زانستی و ئەكادیمی گرنگ لەخۆ دەگرێت.


جێی ئاماژەپێكردنە كە بەشداریكردنی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی وەك یەكەم و تەنها زانكۆی تایبەتی هەرێمی كوردستان لە سیمپۆزیەمەكەی شاری (وان) ببوە جێگەی سەرنج و بایەخی ئامادەبووانی سیمپۆزیەمەكە و لە سەروو هەموویانەوە نوێنەری تایبەتی سەرۆكی دامەزراوەی پەروەردە و خوێندنی باڵای توركیا (یۆك) كە باڵاترین دەسەڵاتی زانستی و ئەكادیمی ئەو وڵاتەیە.

uhd.edu.iq : University of Human Development

uhd.edu.iq : University of Human Development

uhd.edu.iq : University of Human Development

uhd.edu.iq : University of Human Development

uhd.edu.iq : University of Human Development