زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی ئیعترافی بەغدای بەدەستهێنا
Search

زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی ئیعترافی بەغدای بەدەستهێنا


2017-10-31 (سێشەم) [ زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی ]

زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی وەك زانكۆی یەكەم لە سەر ئاستی زانكۆ تایبەتییەكانی هەرێم و خاوەنی ئەزموونێكی چەندین ساڵە لە خزمەتكردن بە خوێندكارانی كوردستان، بەردەوام لە هەوڵی بەرەوپێش چوون و خزمەتی زیاترە بە خوێندكاران و دەرچووانی زانكۆ.

لەم بوارەشدا دوای هەوڵی بەردەوام و كاری چەند ساڵی پێشوو، وە پاش هەڵسەنگاندنی بەردەوامی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عێراق، ئەو وەزارەتە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بە فەرمی ناساند و دانی نا بە بڕوانامەكانیدا وەك زانكۆیەكی سەركەوتووی هەرێمی كوردستان و ئێراق بە نوسراوی فەرمی ژمارە (6613) لە 24/9/2017.

 هەروەك لە نوسراوی فەرمی دانپاینانەكەدا هاتووە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عێراقی ئەوە دەخاتە ڕوو كە: دوای ئەوەی بەلگەنامەو پێداویستییەكانی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی لەگەڵ رێنماییە یاساییەكانی وەزارەت بەرامبەر بوون، بڕیارماندا بە ناساندنی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی وەك زانكۆیەكی فەرمی، هیوادارین ئەم زانكۆیە هاوكارێكی باش بێت لە بەرەوپێش چوونی رەوتی  زانست و رۆشنبیری و توێژینەوە زانستییەكان.

بەم بۆنەیەوە بەڕێز پرۆفیسۆر د. مەریوان احمد رەشید سەرۆكی زانكۆ لە لێداونێكی تایبەت بە سایتی زانكۆ وتی: ماوەیەكە وەك زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە هەوڵی بەدەستهێنانی دانپیانانی فەرمین لەبەغداوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا، زانكۆكەمان توانی لە ریزبەندی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان پله‌ی یه‌كه‌م بەدەست بهێنێت، ئەمە جگە لە بەدەستهێنانی  پله‌ى یه‌كه‌م‌ له‌سه‌ر ئاستى زانكۆتایبه‌ته‌كانى عێراق بەپێی ریبەندی دەزگای وێبۆمەتریكس. هەموو ئەمانە وایكرد كە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی ئاسانتر مامەڵە لەگەڵ زانكۆكەمان بكات و كارەكانی بۆ تەواو بكات، هەروەها بەڕێز سەرۆكی زانكۆ ئاماژەی بەوەكرد كە ئەمە هەنگاوێكی دیكەی سەركەوتنی زانكۆیە و لەمەودوا خوێندكاران و دەرچووانی زانكۆكەمان دەتوانن وەك هەر دەرچوویەكی زانكۆكانی عێراق سود لە بڕوانامەكانیان وەربگرن.

uhd.edu.iq : University of Human Development