پیرۆزبایی ڕاگری کۆلێجی زانست و تەکنەلۆجیا
Search

پیرۆزبایی ڕاگری کۆلێجی زانست و تەکنەلۆجیا


2019-03-18 (دووشەم) [ کۆلێجی زانست و تەکنەلۆجیا ]

uhd.edu.iq : زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی

بەبۆنەی تەواوکردنی وەرزێکی خوێندن بەسەرکەوتویی جێی خۆیەتی هەوڵ و ماندوبونی هەموو ئەوانەی لەم سەرکەوتنەدا ڕۆڵیان هەبووە بەرز بنرخێنین. خوێندکارانی ئازیز بە دەوامکردنی ڕێکوپێک و هەوڵدانی زۆر توانیان وەرزەکە ببڕن وێڕای ئاستەنگ و نەهامەتیەکان کە بەرۆکی زۆربەتانی گرتووە بەڵام ئامانجی پیرۆزی ئێوە زۆر لەوە گەورەتربوو بۆیە توانیتان بەسەر هەموو ئاستەنگەکاندا زاڵ بن. ئەم تێکۆشانە لێبڕاوانەتان مایەی تێگەشتنتانە لە دروستکردنی ژیان هەنگاو بەهەنگاو لەدنیای ئەمڕۆدا کە ژیان وردە وردە ئاڵۆزدەبێت ئەگەر بەوریای مامەڵە نەکەین.

دەبێت بزانین کە زانست و زانیاری تەنها کلیلی سەرکەوتن دەبن لە دروستکردنی باڵەخانەی ژیانتاندا بۆیە هیوادارم هەردەم بە پەرۆشەوە لە خۆ ئامادەکردن بەردەوام بن. ئەوەشتان بیرنەچێت کە ئەوانەی دەبنە هۆکار و هاوکاری سەرکەوتنتان خێزان و مامۆستاکانتانن. بێگومان بەبێ ئەوان هیچکام لە ئێمە و ئێوە ئامانجەکانمان نەدەپێکان. بۆیە جێی خۆیەتی سوپاسیان بکەین. بەتایبەت مامۆستاکانی کۆلێجەکەمان کە تەنها بەردی بناغەی کۆلێج و زانکۆنین، بەڵکو هەوێنی دروستکردنی نەوەیەک کادری زۆر بەتوانا و نمونەیین بۆ کۆمەڵگاکەمان. ئەوان شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەریەک بۆئەوەی باشترین بەرهەم پێشکەشی ئێوە بکەن. وێڕای ئەوەی ئەوانیش وەکو مرۆڤ کێشە و ململانێی ژیانیان هەیە، بەڵام هەردەم دەم بەخەندە و بە ورەیەکی پۆڵاینەوە ڕوبەڕویان دەبنەوە تاوەکو ئێوەی خوێندکار هەست بە نائارامی نەکەم لەکاتی فێربوندا.

مامۆستا ئەو تاکەی کۆمەڵگایە کە تەنها بەوە پاداشتی دەدرێتەوە کە ئەوەی فێرمان دەکات پەیڕەوی بکەین چونکە ئەو هیچی لەئێمە ناوێت کاتێک دەخوازێت ئێمە لەخۆی باشتربین، ئەمەش نمونەیەکی دەگمەنە لە ژیاندا کە کەسێک خوازیاری باشتربونی کەسێکی تربێت لەخۆی. بەشێکی تری کاراکتەرەکانی سەرخستنی پڕۆسەی خوێندن لە کۆلێجەکەمان فەرمانبەرەکانمانن. کە بەبێ هەوڵ و ماندوبونی ئەوان ناتوانین هیچ کارێک بێکەموکورتی ئەنجام بدەین. ئەوانن کە شەونخونی دەکەن و ماندونەناسانە کاردەکەن بۆ باشتر و بەرزتر ڕاگرتنی ئاستی کۆلێجەکەمان. بۆیە لەم بۆنەی پشوی بەهارەدا و هاتنی ساڵی نویی کوردیەوە پیرۆزبایی لە هەموو مامۆستایان و خوێندکاران و کارمەندانی کۆلێجەکەمان دەکەین، هیواخوازین پشویەکی زۆر شاد بەسەربەرن.

uhd.edu.iq : زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی