سەرۆكی زانكۆ لە چوارەمین كۆنفرانسی زانستی زانكۆ: ئەم كۆنفرانسە زانستییە پەیامێكە بۆ دوژمنانی گەلەكەمان كە پێشكەوتن و زانست لەم وڵاتە بەدەوامە
Search

سەرۆكی زانكۆ لە چوارەمین كۆنفرانسی زانستی زانكۆ: ئەم كۆنفرانسە زانستییە پەیامێكە بۆ دوژمنانی گەلەكەمان كە پێشكەوتن و زانست لەم وڵاتە بەدەوامە


2017-04-08 (شەممە) [ زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی ]

لە میانەی رێورەسمی دەستپێكردنی چوارەمین كۆنفرانسی زانستی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بەڕێز پڕۆفیسۆر د. مەریوان احمد رەشید سەرۆكی زانكۆ وتەیەكی پێشكەش كرد و لە سەرەتای وتەكەیدا بەڕێزیان جگە لە بەخێرهاتنی میوانان و توێژەرانی كۆنفرانس گرنگی كۆنفرانسەكەی بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو.

بەڕێز سەرۆكی زانكۆ لە وتەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد كە ئەم زانكۆیە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی و لەسەر داوای بەڕێز دامەزرێنەری زانكۆ پڕۆفیسۆر د.عەلی قەرەداغی لە خزمەتی گەل و وڵاتدا بووەو بەو ئاڕاستەیە كاری كردووە كە خزمەت بە چارەسەری كێشەكانی كوردستان بكات.

هەر لەو میانەیەدا بەڕێزیان ئاماژەی دا بە ژمارەی توێژینەوەكان و بەشداربووانی كۆنفرانس و ئەوەی خستە ڕوو كە توێژینەوە بەشدارەكانی كۆنفرانس 115 توێژینەوەی قبوڵكراوە لە كۆی 203 توێژینەوە كە لە زیاتر لە 10 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان كردووە.

لە كۆتایی وتەكەشیدا بەڕێزیان سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كرد كە هاوكارو هەماهەنگی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانە، كە ئەمەش هاوكاری و هەماهەنگی نێو زانكۆكانی دروست كردووە.

درێژەی وتاری سەرۆکی زانکۆ بەڕێز پرۆفیسۆر د.مەریوان ئەحمەد ڕەشید لە کۆتایی ئەم هەواڵەدا ببینه

uhd.edu.iq : University of Human Development

uhd.edu.iq : University of Human Development

uhd.edu.iq : University of Human Development

uhd.edu.iq : University of Human Development

درێژەی وتاری سەرۆکی زانکۆ بەڕێز پرۆفیسۆر د.مەریوان ئەحمەد ڕەشید

بەناوى خواى بەخشندەى میهرەبان
بەڕێز وەزیرى خوێندنى باڵاوتوێژینەوەى زانستى (د.یوسف گۆران ).
بەڕێز سەرۆکى ئەنجومەنى ئەمیندارێتى زانکۆ پڕۆفیسۆر ( د.عەلى قەرەداغى ) .
بەڕێز سەرۆکى یەکێتى زانکۆ نێودەوڵەتییەکان دکتۆر ( ئۆهان عزیز ئۆغلۆ ) .
بەڕێزان سەرۆکى زانکۆ و ئەکادیمییەکانى هەرێمى کوردستان و دەرەوە .
بەڕێزان توێژەران و ئامادەبوانى بەڕێزى کۆنفرانس .
سەرەتا بەناوى خۆم و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و قوتابیانى خۆشەویستەوە بەخێرهاتنى ئێوەى ئازیز دەکەم .
بەڕێزان :
خۆشحاڵین ئەمڕۆ لە زانکۆدا چوارەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى بەئەنجام دەگەیەنین ، کە خۆى لەخۆى دا کارێکى گرنگە بەتایبەت بۆ زانکۆیەک کە تەمەنى تەنها هەشت ساڵ بێت ، بۆیە دەڵێین بەئەنجام گەیاندنى کارێکى وا فراوان ڕەنگدانەوەى بوونى ستافێکى ئەکادیمى و زانستى و کارگێرى بەتوانایە لەزانکۆدا کە ماندوو نەناسانە خزمەتى ئەم بوارە گرنگەى میللەتەکەمان دەکەن ، ئەمە لەلایەک لەلایەکى تریشەوە جێبەجێکردنى ئەو پەیامەیە کە لەلایەن خاوەنى زانکۆ وە جەنابى پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلى قەرەداغى هەر لەسەرەتاى زانکۆوە هەموو ستافەکەى بەو ئاراستەیەدا سەرپەرشتى کردووە کە لەخزمەتى گەل و نیشتماندا بین هەروەها چۆن بەڕێزیان دەیان ساڵە جێ پەنجەیان لە خزمەت کردنى ئەم نیشتمانە ئازیزدەدا دیارە .
بەڕێزان :
لەچوارەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى زانکۆدا سەڕەراى بەشداربوونى توێژەرانى بەڕێز لەناوەوەى هەرێمى کوردستان ژمارەیەکى بەرچاو لەتوێژەرانى بەڕێز لە زانکۆکانى ( عێراق ، تورکیا ، ئێران ، ئوردن ، مێر ، جەزائیر، هندستان ، بەریتانیا ، تایلەند، سوریا ، قەتەر ) بەشداریان کردووە .
ژمارەى توێژینەوەکان (203) توێژینەوە بوون و (115) توێژینەوەیان پەسەندکراوە و تەوەرەکانیش لەبوراەکانى یاسا و زانستە ڕامیارییەکان و زمان و ئەدەبى ئینگلیزى و عەرەبى و کوردى هەروەها بوارى کارگێرى و ئابوورى و ژمێریارى و دارایى و بوارەکانى تەکنەلۆجیاى زانیارى و زانستى کۆمپیوتەردان .
هەرلەمیانەى ئەو کۆنفراسەدا سەنتەرى زانکۆ بۆتوێژینەوە و ڕاهێنان بە هاوبەش لەگەڵ سەنتەرى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى زانکۆى ( سەکاریا )ى تورکى دوو پانێل لەسەر مەسەلەى کورد لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و داهاتووى عێراق پاش داعش پێشکەش دەکەن .
هەر لەم کۆنفرانسەدا سەنتەرى زانکۆ بۆ توێژینەوە و ڕاهێنان بە هاوبەش لەگەڵ سەنتەرى (ڕرا الخلیجیە)ى کوەیتى بابەتێک پێشکەش دەکەن دەربارەى ئاشتەواى لە بەر قەرار کردنى سەقامگیرى سیاسى دا .
بەڕێزان :
لەم کۆنفراسەدا جگەلەپەیامى زانست و ئەکادیمى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى دەیەوێت ئەو پەیامەش ئاراستەى دوژمنانى گەلەکەمان بکات کە ناتوانن بەر بە پێشکەوتنەکانمان بگرن و بەرەى ناوەوەى وڵات لەمامۆستایان و ئەکادیمیان و زانست خوازانى میللەتەکەمان شانبەشانى برا پێشمەرگەکانمان تەواوى ئەو پلانانە شکست پێدێنن کە دژ بە میللەتەکەمان بەرپا کراوە و بەرپا دەکرێت .
ئامادەبوانى بەڕێز /
لەم بۆنەیەدا بەفرسەتى دەزانم سوپاسى وەزارەتى خوێندنى باڵاوتوێژینەوەى زانستى بکەم کە هاوکارى سەرجەم زانکۆ و دەزگا زانستیەکانە و لە نێویشیاندا زانکۆ گەشەپێدانى مرۆیى ، هەروەها سوپاسى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەکەم کە هەموان پێکەوە هاوکار و هەمئاهەنگین .
هەروەها جێى خۆیەتى لەم بۆنەیەدا سوپاسى دەزگاکانى ڕاگەیاندن بکەم کەلە ڕووماڵکردنى چالاکیەکانى زانکۆماندا هەردەم هاوکاربوون .
سوپاسى هەردوو لیژنەى ئامادەکار و لیژنەى زانستى کۆنفرانس لەگەڵ سەرجەم مامۆستایان و کارمەندان و قوتابیان و خوێندکاران دەکەم بۆ بەڕێوەبەردنى ئەو کۆنفرانسە .
جارێکى تر هەموولایەک بەخێربین و هەر سەرکەوتوو بن .