وه‌فدی زانكۆ سه‌ردانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای توركیا ده‌كات
2018-10-18 (پێنجشەم) [ زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی ]
به مه‌به‌ستی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و په‌ره‌پێدانی كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ زانكۆكانی توركیادا وه‌فدی زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی سه‌ردانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای توركیا ده‌كات.
رۆژی ١٧\١٠\٢٠١٨ وه‌فدی زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی كه پێكهاتبوون له هه‌ریه‌ك له به‌رێزان، پڕۆفیسۆر د. مەریوان احمد رەشید سه‌رۆكی زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ، پڕۆفیسۆر د. ئه‌نوه‌ر محمدفرج و پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر د. هیوا ابوبكر و پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر د. رەئوف كەریم، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای توركیایان كرد له شاری ئه‌نقه‌ره و له‌لایه‌ن به‌رێز جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی خوێندنی باڵا له (وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا)ی توركیا پرۆفیسۆر د. ره‌حمی ئه‌ر، پێشوازی كران.
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی خوێندنی باڵا له (وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا)ی توركیا٬ سه‌ره‌رای نیشاندانی خۆشحاڵی خۆی به سه‌ردانی وه‌فده‌كه هاوكات جه‌ختی له پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه ئه‌كادیمییه‌كان و په‌ره‌پێدانی كاری هاوبه‌شی زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی له‌گه‌ڵ زانكۆكانی توركیادا كرده‌وه. پرۆفیسۆر د. ره‌حمی ئه‌ر، هه‌روه‌ها ستایشی زانكۆی گه‌شه‌پێدانی كرد بۆ هه‌وڵه‌كانیان له‌و بواره‌دا.
دواتریش سه‌رۆكی زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی باسی له گرنگی فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی زانكۆی له‌گه‌ڵ زانكۆكانی وڵاتی توركیای كرد‌و له كۆتاییشدا لۆگۆی زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی به‌خشیه بریكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای توركیا.