مامۆستایەكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی یەكێكە لە سەركەوتووان.. وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی 7 گرانتی بەخشییە توێژەران
Search

مامۆستایەكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی یەكێكە لە سەركەوتووان.. وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی 7 گرانتی بەخشییە توێژەران


2018-07-04 (چوارشەم) [ زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی ]

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان لە میانەی رێورەسمێكی تایبەتدا كە رۆژی سێ شەممە 3/7/2018 سازكرا،  ئه‌نجومه‌نی توێژینه‌وه‌ی زانستی كوردستانی راگەیاند.
لەو رێورەسمەدا كە لەشاری هەولێرو لە هوتێل دیڤان سازكرا، وەفدێكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی كە پێكهاتبوون لە بەڕیزان پرۆفیسۆر د. مەریوان احمد رەشید سەرۆكی زانكۆو پڕۆفیسۆر د. أنور محمد فرج یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، پڕۆفیسۆری یاردەدەر د. كەنعان حەمەغەریب راگری كۆلێجی یاساو رامیاری، بەشدارییان تیادا كرد، بە ئامادەبوونی بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و چەندین كەسایەتی ئەكادیمی و زانستی و سەرۆكی زۆربەی زانكۆ حكومی و تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای رێورەسمەكەدا بەڕێز د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كردو تیایدا ئەوەی خستەڕوو كە ئەمڕۆ ڕۆژی هاتنەدی خەونێکی لە مێژینەمانە، خەونی دامەزراندنی یەکەمین (ڕیسێرچ کاونسڵی کوردی)یه‌.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی باسی له‌ئه‌ركه‌كانی ئه‌نجومه‌نی توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد و وتی: ئەم ئەنجومەنە بریتییە لە دامەزراوەیەکی زانستی ستراتیجی نیشتیمانیی، کار دەکات بۆ داڕشتنی چوارچێوەی سیاسەتی گشتی توێژینەوەی زانستی و هاندان و گەشەپێدان و کاراکردنی چالاکی توێژینەوە لە بواری پسپۆڕی جیا، ئه‌وه‌ش لەبەر ڕۆشنایی پێداویستییە زانستی و تەکنۆلۆجی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، وتیشی لە ڕێگه‌ی ئەم ئەنجومەنەوە هەوڵ دەدەین بەرهەمی توێژینەوە زانستییەکانمان لە بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی هەرێمەکەمان کارایی زیاتریان هەبێت و چارەسەرکردنی پرسە نیشتیمانییەکان بکەینە پرسیاری زانستی و  بەتەواوەتی تێکەڵاوی ئەکادیمیا و توێژینەوەی زانستی بکەین. 
دواترو لە بەشێكی دیكەی رێورەسمەكەدا بەڕێز د. عادل كەمال سەرپەرشتیاری كۆنفرانسی هەڵسەنگاندنی توێژینەوەكان لە وتەیەكدا ئەوەی خستەڕوو كە دوای راگەیاندنی قۆناغی كارەكانمان (80) پرۆپۆزەڵ گەیشتە دەستمان و دواترو پاش هەڵسەنگاندنی وردی كارەكان (7) پرۆپۆزەڵ كە سەرجەم مەرجەكانی توێژینەوە داواكراوەكانی تیادابوو دیاری كران.
لەم بارەیەوە بەڕێز پڕۆفیسۆر د. مەریوان احمد رەشید سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ سایتەكەمان ئەوەی خستەڕوو كە: جێگای دەستخۆشییە كە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئەم هەنگاوە مێژووییەی ناوە بە دروستكردنی ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی كوردستان، ئێمەش لە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی زانكۆوە گرنگی تایبەتمان بە توێژینەوەی زانستی داوەو مامۆستایانمان هەمیشە پێشەنگ بوون بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و ئەكادیمی، ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر ئاستی زانستی زانكۆو مامۆستایانیشمان هەبووە.
لە بارەی پرۆپۆزەڵی سەركەوتووی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆییەوە بەڕێز د. أحمد حەمەغەریب سەرۆكی بەشی دیبلۆماسیەت و پەیوەندییە گشتییەكان لە كۆلێجی یاسا ئەوەی خستە ڕوو كە پرۆپۆزەڵی توێژینەوەكەمان لە بواری یاسا و په‌یوه‌ندییه‌نێوده‌وله‌تییه‌كانە، توێژینەوەكە كاردەكات لەسەر چۆنێتی بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لەڕوی پەیوەندگیری دامەزراوەییەوە، وا بڕیارە لە هەرچوار پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان سلێمانی، هەولێر، دهۆک، هەڵەبجە داتاکانی لە ناو دام و دەزگا حکومیەکان لە ماوەی شەش مانگ کۆبکەمەوە. بەمەبەستی دەستنیشانکردنی پەیوەندگیری دامەزراوەیی و پێشنیار کردنی میتۆد و میکانیزمی نوێ و سەردەمیانە، کە بتوانێ پرسی کاری ئیداری چالاک و خێراتربکات و بواری کارلێکی باش لە نێوان دامەزراوەکان لەنێو خۆیانداو دامەزراوەكان و هاونیشتیمانیان بەهێز بکات.
شایانی باسە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی تاكە زانكۆی تایبەتە كە بە توێژینەوەیەكی سەربەخۆ بەشدار دەبێت لە یەكەم كاری ئەنجوومەنی توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان.

uhd.edu.iq : زانکۆی گەشەپێدانی مرۆییuhd.edu.iq : زانکۆی گەشەپێدانی مرۆییuhd.edu.iq : زانکۆی گەشەپێدانی مرۆییuhd.edu.iq : زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی

 uhd.edu.iq : زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی