کۆنفرانسی زانستی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی کۆتایی بەکارەکانی هێنا.
2018-04-26 (پێنجشەم) [ کۆلێجی ئابوری ]
سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە بەرواری 26-4-2018،زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی کۆتایی بە پێشکەشکردنی سەرجەم توێژینە وە کانی هێنا کە پەسەندکرابوون بۆ کۆنفرانس. lتوێژینەوەکانی ڕۆژی دووەم لەتەوەری ئابوری و دارایی 17 توێژینەوەو لە تەوەری کارگێڕی و ژمێریار 17 توێژینەوە پێشکەش کرا.
ئەوەی شایەنی باسە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی ڕۆژانی 25,26-4-2018 شەشەمین کۆنفرانسی زانستی ساڵانەی خۆی بەئامادەبوونی سەدان توێژەری کوردستانی و عێراقی و چەندین میوان لە پسپۆڕانی بواری ئابوری و سەرۆک و ڕاگرو مامۆستایان و کەسانی ئەکادیمی زانکۆکانی سەرتاسەرعێراق و کوردستان ئەنجامدا و لە هەمانکاتدا جێگای بیرهێنانەوەیە کە زانکۆی گەشەپێدان لەبەر هەل و مەرجی تایبەتی کوردستان لەڕووی هاتوچۆ و بایەخ و گرنگی تەوەرو بابەتەکانی پەیوەست بە کارگێڕی و ئابوری،توێژینەوەکانی کۆنفرانسی شەشەمی خۆی تایبەتکرد بە زانستەجیاوازەکانی کارگێڕی و ئابوری و لە کۆی سەدان توێژینەوە 67 توێژینەوە پەسەندکرابوون بۆ کۆنفرانس کە 33 توێژینەوەیان لەبواری ئابوری و داراییداو 34 توێژینەوەشیان لەبواری کارگێڕی و ژمێریاریدا بوون کە لە دووڕۆژدا پێشکەشکران.
پاش کۆتایی هاتن بە پێشکەشکردنی سەرجەم توێژینەوەکان ،وێڕای دەستخۆشییەکی زۆری ئامادەبووان و میوانانی کۆنفرانس( لە توێژەروبەشداربووان )بۆ زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی کەبەکۆنفرانسێکی نموونەیی وەسفیانکرد ،بەڕێز پرۆفیسۆری یاریدەدە (د.محسن ابراهیم احمد) سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری و ڕاگری کۆلێجی کارگێڕی و ئابوری،سوپاس و پێزانینی زانکۆی بۆدەربڕین لەبەرامبەر متمانەیان بەزانکۆی گەشەپێدان کە کردوویانەتە سەکۆی دەربڕینی توێژینەوەو ڕا زانستییەکانیان و لەو پێناوەشدا زۆریان ماندووبوونی ڕێگایان قبووڵکردووەو ئەرکیان کێشاوەو دواجار هەمووان بەڕێزەوە ماڵئاواییان لێکرا.
لەکۆتاییدا هیوادارین توێژینەوەکانی کۆنفرانسی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی جگەلەوەی هەنگاوێکی گەورەیە و خزمەتە لە پێشخستن و پەرەپێدانی توانای زانستی و ئەکادیمی ،هۆکاری بەرچاوڕوونیش بێت بۆ دیاری کردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی واقعی کارگێڕی و ئابوریمان.