كوردانی رۆژئاوا سوپاسی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی دەكەن
Search

كوردانی رۆژئاوا سوپاسی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی دەكەن


2016-12-21 (چوارشەم) [ زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی ]

لە كاتێكدا خوێن لە جەستەی رۆژئاوای كوردستان دەچۆڕێت و، ژین و ژیان لە خەڵكی دەشێوێنرێت، زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی ئامێزی بۆ خوێندكارانی رۆژئاوا كردۆتەوە و، سالانە دەیان خوێندكار لە كوردانی رۆژئاوا لە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی درێژە بە خوێندنی زانكۆییان دەدەن. ئەوان، شان بە شانی خوشك و براكانیان لە باشور كوردستان، زانكۆیان كردۆتە ماڵی دووەمیان. رەخساندنی ئەو هەلە بۆ كوردانی رۆژئاوا لە لایەن زانكۆی گەشەپێدانی مرۆییەوە، سەرەڕای كەمكردنەوەی ئاسەواری دورری لە ژینی ئاسایی خۆیان، بە جۆرێك گوڕوتینی بە خوێندكارەكان بەخشیوە تا ئەو رادەیەی ژمارەیەكی بەرچاویان لە خوێندكارە یەكەم و پلە بالاكانی زانكۆن.

بۆ ئەو بەها و دەستكەوتە گەورانەی بۆیان رەخساوە و، وەك هێمای سوپاسگوزاری و رێز، دەستەیەك لە خوێندكارانی ئەو زانكۆیە لە چوارچێوەی شاندێكی رابیتەی كوردانی سوریا، سەردانی سەرۆكایەتی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆییان كرد و لە لایەن بەڕێزان سەرۆكی زانكۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆوە پێشوازیان لێكرا. لە سەردانەكەدا، خەلاتی رێزلێنان بەخشرایە بەڕێز پڕۆفیسۆر دكتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید، سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی، وەك هێمایەكی سوپاسگوزاری بۆ كۆی ئەو خزمەت و دەرفەتانەی زانكۆ پێشكەشی كوردانی رۆژئاوای كردوە. لای خۆیەوە، بەڕێز سەرۆكی زانكۆ، سوپاسی شاندەكەی كرد بۆ بڕوانامەكەیان و، هاوكات بڕیاریدا بڕوانامەی رێزلێنانەكە ببەخشێتەوە بە بەڕێز خاوەنی زانكۆ، پڕۆفیسۆر دكتۆر عەلی قەرەداغی، كە بەردەوام وەك باوكێكی میهرەبان، جەختی لەسەر خزمەتكردن و رەخساندنی دەرفەت كردوە بۆ كوردانی رۆژئاوا تا لە نێو زانكۆدا بخوێنن و هەستی ئاوارەیی دەرفەتی خوێندنیان لێ زەوت نەكات. هاوكات بەڕێز سەرۆكی زانكۆ، سوپاسی بەڕێز پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر عەلائەددین جەنگۆ (سەرۆكی رابیتەی كوردانی سوریا)ی كرد كە لە نێو زانكۆدا، وەك سەربازێكی ون، بەردەوام لە خەمی داهاتوو و خوێندنی كوردانی سوریادا بووە.

uhd.edu.iq : University of Human Development

uhd.edu.iq : University of Human Development

uhd.edu.iq : University of Human Development