تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ دەستیانپێکرد ...
Search

تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ دەستیانپێکرد ...


2017-05-30 (سێشەم) [ کۆلێجی زمان ]

 راگری کۆلێجی زمان بۆ خوێندکاران: هەوڵی تەواو بدەن تا ئەم قۆناغەش لەسەر بنەمای مافی رەوای خۆتان تێپەڕێنن

رۆژی یەکشەممە 28ی ئایاری 2017 تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی کۆتایی ساڵی کۆلێجی زمانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی دەستیپێکرد.

بە پێێ خشتەی تاقیکردنەوەکان کە هەردوو بەشی زمانی ئینگلیزی و زمانی عەرەبی لە کۆلێجی زمانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی دایانڕشتووە هەفتانە سێ تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێن.

بە بۆنەی دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر رەئوف کەریم مەحمود راگری کۆلێجی زمانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە سەرەتای پەیامەکەدا راگری کۆلێجی زمان رایگەیاند: لە ناخی دڵەوە هیوای سەركەوتن بۆ یەك بە یەكی  خوێندکارانی خۆشەویست دەخوازم. هاوكات ئەوە دەهێنمەوە یادی خوێندکارانی ئازیز كە تا دەتوانن خۆتان ماندوو بكەن و هەوڵی تەواو بدەن تا ئەم قۆناغەش بە سەركەوتوویی و لەسەر بنەمای مافی رەوای خۆتان تێپەڕێنن.

 

لە بەشێکیتری پەیامەکەیدا راگری کۆلێجی زمانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی جگە لە پیرۆزبایی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز، داواش دەکات، ئەو خوێندکارانی کە بە رۆژوو دەبن، رۆژوو بكەنە  هێزێكی كاریگەر بۆ ئاسوودەیی رۆحتان نەك بكەونە ژێر كاریگەری جەستەیی بەهۆی تینوێتی و برسێتی. بۆ ئەوانەش كە بەرۆژوو نابن یان ناتوانن ئەو ئەركە بەجێبهێنن، ئازادی تەواویان هەیە بە تایبەتیش كە دڵنیام خوێندكارە ئازیزەكانمان هەمیشە لە بازنەی فراوانی ئازادی بیروڕا و بیروباوەڕدا سنوری رێزی یەكدی بە شێوازێكی مەدەنیانە دەپارێزن.

 

پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر رەئوف کەریم داواش لە خوێندکاران دەکات، بەدوور بن لە شڵەژان و دڵەراوكێ تا كارنەكاتە سەر شێواز و ناوەڕۆكی وەڵامەكانیان، و بە هیچ جۆرێك و لە هیچ دۆخێكدا پەنا نەبەن بۆ شێوازی نایاسایی بە مەبەستی زانینی وەڵام چونكە وەك دەزانن لە كاتی دەركەوتنیدا، جگە لە هەندێ قسە بۆ هێوركردنەوەی دۆخی دەروونی ئەو خوێندكارە، هیچی دیكەمان لەدەست نایەت و بە دڵنیاییەوە بۆ یەك ساڵ لە خوێندن دوور دەخرێتەوە بە پێی رێنمایی ئەزموونەكان. لە رابردووشدا، هیچ كەیسێكی لەو جۆرە لە زانكۆ و كۆلێجدا نەبوێردراوە و نەبەخشراوە.

 

بۆ ئەمساڵی خوێندنی ئەکادیمی 2016-2017 هاوشێوەی ساڵانی رابردوو لیژنەی تاقیکردنەوەکانی کۆلێجی زمان ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان و لە هەمووی روویەکی لۆجێستی و کارگێڕی و زانستییەوە ئامادەکارییەکان لە ئاستێکی زۆر بەرزدان.

uhd.edu.iq : University of Human Development

uhd.edu.iq : University of Human Development

uhd.edu.iq : University of Human Development

uhd.edu.iq : University of Human Development

uhd.edu.iq : University of Human Development