دهرچوویەکیتری زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی زه‌ماله‌ی (چیڤنین)ی به‌ریتانی به‌ده‌ستدێنێت
2019-07-14 (یەکشەم) [ کۆلێجی زمان ]
حەکیم داود فەرەج یه‌كێكه له دەرچووەکانی به‌شی ئینگلیزی، کۆلێجی زمانی زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی و، ماوەی چەند ساڵێکە وەک رۆژنامەنوس و وەرگێڕ لە میدیا و پۆرتاڵەکاندا کار دەکات، توانی زه‌ماله‌ی چیڤنین (Chevening)ی به‌ریتانیا به‌ده‌ست بهێنێت بۆ خوێندنی ماسته‌ر له دیجیتاڵ میدیا له زانكۆی سالفۆرد-ی به‌ریتانیا.
زه‌ماله‌ی چیڤنین یه‌كێكه له به‌رنامه گرنگه‌كانی به‌ریتانیا كه له‌سه‌ربنه‌مای لێهاتوویی ساڵانه ژمارەیەكی دیاریكراو خوێندكار له‌سه‌ر ئاستی جیهان بۆ خوێندنی ماسته‌ر له زانكۆكانی به‌ریتانیا، وه‌رده‌گرێت. حەکیم داود یه‌كێكه له‌و چه‌ند خوێندكاره‌ی كه بۆ ئه‌مساڵی خوێندن له‌سه‌ر ئاستی عێراق وه‌رگیراون دوای پێشبڕكێیه‌كی توند.
کۆلێجی زمانی زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی پیرۆزبایی گه‌رم له حەکیم داود فەرەج ده‌كات، هاوكات شانازی ده‌كات به ده‌رچووانی كه توانیویانه توانا‌و لێهاتووی خۆیان بسه‌لمێنن. هیواخوازین خوێندکاران و دەرچووانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە پۆستی باڵا و دەرفەتی زیاتری سەرکەوتندا ببینینەوە.
ساڵی رابردووش تافان کەمال کەریم، دەرچوویەکیتری بەشی ئینگلیزی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی هەمان پرۆگرامی بەدەستهێنا و ئێستا سەرقاڵی خوێندنی ماستەرە لە بەریتانیا.
شایانی باسە، تا ئێستا ژمارەیەكی بەرچاو لە دەرچووانی بەش و كۆلێجەكانی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی هەلی خوێندنی باڵایان بەدەستهێناوە لە پڕۆگرام و زانكۆ بەناوبانگەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا.