هەواڵەکان

لە سیمپۆزیۆمێكی نێودەوڵەتیدا زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە دۆخی دارایی هەرێم و  كاریگەری ئاوارەكان دەكۆڵێتەوە

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 30/11/2016 لەژێر چاودێری بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و بە ئامادەبوونی بەڕێزان پڕۆفیسۆر د. مەریوان احمد رشید سەرۆكی زانكۆو ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆو ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایان و خوێندكاران و میوانان، كۆلێژی كارگێڕی و ئابوری زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی سیمپۆزیۆمێكی نێودەوڵەتی لەسەر بارودۆخی دارایی هەرێم و كاریگەری ئاوارەكان رێك خست.

لە میانەی سیمپۆزیۆمەكەدا چەند بابەتێك پێشكەشكرا، سەرەتا وەك نوێنەری كۆلیژی كارگێڕی و ئابوری د. سەعد عبدالقهار باسێكی لەسەر داهاتی تاك و خێزان كرد لە هەرێمی كوردستان و كاریگەری قەیرانەكان لەسەر بارودۆخی ژیانی هاوڵاتیان.

پاشان بەڕێز محمود عوسمان بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی بابەتێكی پێشكەشكرد لەسەر بیبلۆگرافیای ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان و كاریگەریان لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان.

هەر لە میانەی سیمپۆزیۆمەكەدا بەڕێز شادمان محمود نوێنەری رێكخراوی (UNHCR) بابەتێكی پێكەش كردو تیایدا تیشكی خستە سەر پرۆفایلی شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لە رووی گرفت و دەرفەتەكانی بەردەم ئاوارەبوون و هاتنی كەسانی تر بۆ ناو شارەكان.

لە كۆتاییدا بەشداربووانیش بە پرسیارو پێشنیاری زیاتر بەشداریان لە دیدارەكەدا كرد.

شایانی باسە ساڵانە كۆلێژەكانی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بە چالاكی جۆراوجۆر و كۆڕو سیمینار لەسەر گرفت و كێشەكانی كۆمەڵگا كار دەكەن و بە شێوەیەكی پراكتیكی زانكۆ گرێ دەدەنەوە بە خەڵك و كۆمەڵگاوە.