هەواڵەکان

سەرۆكی زانكۆ لە رێوڕەسمی رۆژی لێبوردندا: مایەی شانازیە لێبوردن و پێكەوەژیان سیمای زانكۆكەمانە

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 17/11/2016 بە ئامادەبوونی بەڕێز پڕۆفیسۆر د. مەریوان احمد رەشید سەرۆكی زانكۆو بە ئامادەبوونی هەردوو یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆو ئەندامانی ئەنجوومەنی زانكۆ، لیژنەی رۆشنبیری كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری بە هاوكاری یەكەی كاروباری خوێندكارانی زانكۆ رێوڕەسمێكی تایبەتیان بە بۆنەی رۆژی جیهانی لێبوردنەوە رێكخست.

لەو رێوڕەسمەدا كە لەژێر دروشمی (لە وەرزی گەڵارێزاندا خوێندكاران رۆژی جیهانی لێبوردەیی بەرز رادەگرن) ئەنجامدرا، خوێندكارانی كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری چەندین چالاكی جۆراوجۆریان ئەنجامدا، سەرەتا بەڕێز سەرۆكی زانكۆ مەراسیمەكەی كردەوەو لەگەڵ كردنەوەی كتێبخانەی كراوەی خوێندكاران، كە دەبێتە كتێبخانەیەك لە كۆلێژی كارگێڕی و ئابوری بە بەردەوامی كراوە دەبێت لەبەردەم خوێندكارانداو خۆیان سەرپشك دەبن لە خواستن و گێڕانەوەی كتێبەكاندا.

 دواتر بەڕێز سەرۆكی زانكۆو مامۆستایانی زانكۆ لە دیواری لێبوردەیی وتەی خۆیان بۆ خوێندكاران نووسی.. پاشان خوێندكاران بەرهەمی دەستی و هونەری خۆیان پێشكەش كردو سەرۆكی زانكۆش دەستخۆشی ئاڕاستەی دەستڕەنگینی و توانای خوێندكارانی كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری كرد.

لە بەشێكی تری رێوڕەسمەكەدا پارچە موزیكێكی تایبەت و كورتە فلیمێك لەسەر هیواو لێبوردەیی پێشكەش كرا، ئەمەو لە كۆتاییدا بەڕێز سەرۆكی زانكۆ وتەیەكی پێشكەشی مامۆستاو خوێندكارانی ئامادەبوو كرد كە تیایدا وێڕای دەستخۆشی بۆ رێكخەرانی رێورەسمەكە، ئەوەی خستە ڕوو كە مایەی دڵخۆشییە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بووەتە لانكەی داهێنان و كاری جوان لە لایەن مامۆستایان و خوێندكارانەوە، هەروەها لێبوردەیی و پێكەوە ژیان لە نێوان هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی كۆمەڵگا سیمایەكی دیاری زانكۆكەمانە.. لە كۆتایی وتەكەشیدا بەڕێزیان سوپاسی ئەو خوێندكارانەی كرد كە ناوی خۆیان تۆمار كردووەو ئامادەییان نیشانداوە بۆ ئەنجامدانی كاری خۆبەخش و خزمەتكردن بە كۆمەڵگاو بە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی.