هەواڵەکان

سەرۆكی زانكۆ: زیندویەتی و چالاكی بەردەوام، سیمای مامۆستایان و خوێندكارانی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆییە

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆلێژی زمان لە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بە بۆنەی یەكەم بوونی زانكۆ لەسەر ئاستی زانكۆ تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان،  ئاهەنگێكی تایبەتیان بۆ خوێندكاران و مامۆستایانی كۆلێژەكە ئەنجامدا. لەو ئاهەنگەدا جگە لە پێشكەشكردنی مارشی نەتەوەیی ئەی رەقیب و سروودی زانكۆ، خوێندكاران و مامۆستایانی كۆلێژ چەندین چالاكی جۆراوجۆریان پێشكەشی ئامادەبووان كرد كە سەرجەمیان گوزارشت بوون لە خۆشەویستی هەمووان و شانازیان بە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی. هەر لەم ئاهەنگەدا بەڕێز سەرۆكی زانكۆ وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كردو سەرەڕای دەستخۆشی و سوپاسی بۆ مامۆستایان و خوێندكارانی كۆلێژی زمان بۆ ئەم ئاهەنگە شایستەیە، ئەوەی خستە ڕوو كە یەكەم بوونی زانكۆ بە هەوڵ و كۆششی هەمووان هاتۆتە بەرهەم، بۆیە جێگای خۆیەتی هەمووان شانازی بەم دەستەكەوتە مەزنەوە بكەین. هەروەها بەڕیزیان ئەوەی خستە ڕوو كە هەمیشە لە چالاكییە  زانستییەكان و ئاهەنگەكانی زانكۆی گەشەپێداندا ئەوە بە ڕوونی دەردەكەوێت كە زیندوویەتی و چالاكی بەردەوام سیمای مامۆستایان و خوێندكارانی زانكۆكەمانە. هەر لە هەمان رۆژ بەڕێز سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بە یاوەریی ئەندامانی ئەنجوومەنی زانكۆ، پێشانگایەكی تایبەت و كتێبخانەی مۆراڵی كۆلێژی زمانی كردەوە، هەروەها بەشەكانی ئەو پێشانگایەی بەسەر كردەوەو دەستخۆشی بۆ كردنەوەی ئەم كتێبخانە جیاوازە دەربڕی كە بۆ یەكەمجارە لە زانكۆكانی كوردستان كتێبخانەیەكی لەم شێوەیە بكرێتەوە. شایەنی باسە ماوەی دوو ساڵە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە هەڵسەنگاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پلەی یەكەم بەدەست دەهێنێت و بەم بۆنەیەوە ساڵانە خوێندكارانی سەرجەم كۆلێژەكان چەندین چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن.