هەواڵەکان

سەرۆكی زانكۆ پێشوازی لە خوێندکارێكی كوردی زانكۆی سەكاریا دەكات

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 30/10/2016 بەڕێز پڕۆفیسۆر د. مەریوان ئەحمەد رەشید سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی، بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر د.أنور محمد فرج یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی، پێشوازی كرد لە بەڕێز بژار عثمان احمد خوێندكاری كوردی خوێندنی باڵا لە زانكۆی سەكاریا. لەو دیدارەدا بەڕێز سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدان سوپاس و پێزانینی خۆی و ستافی زانكۆی ئاڕاستەی بەڕێزیان كرد بەهۆی ئەو هاوكاری و هەماهەنگییەی پێشكەشی كرد لەكاتی سەردانی وەفدی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بۆ زانكۆی سەكاریا بۆ بەشداری لە كۆنفرانسی زانستی ساڵانەی زانكۆكە.شایانی باسە بەڕێز بژار عثمان جگە لەوەی خوێندكاری ماستەرە لە زانكۆی سەكاریا، ئەندامێكی كارایە لە سەنتەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە لە زانكۆی ناوبراو، لەم دیدارەدا سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی جگە لە پێشكەشكردنی سوپاسنامەیەكی فەرمی زانكۆ، كۆمەڵێك لە گۆڤارو بڵاوكراوەكانی زانكۆی بەدیاری بەخشی بە بەڕێزیان تا بیگەیەنێتە سەنتەری توێژینەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.جێگای ئاماژەیە ناوەڕاستی ئەم مانگە وەفدێكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بە سەرۆكایەتی سەرۆكی زانكۆو بەشداری چەند مامۆستاو توێژەرێك بەشداریان كرد لە كۆنفرانسی زانستی ساڵانەی سەنتەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی سەكاریا، كە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی یەكێك بوو لە هاوبەشانی سازكردنی كۆنفرانسەكە و چەند رۆژێكی خایاند.