هەواڵەکان

سەرۆکی زانکۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا: زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو نێو دەوڵەتی بوون هەنگاو دەنێت

ئەمڕۆ 24/10/2016 لە کەمپی دووی بناری گۆیژە، بەڕێز پڕۆفیسۆر د. مەریوان ئەحمەد ڕەشید سەرۆکی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن سازکرد. سەرەتا بەڕێزیان لە وتەیەکی کورتدا ئاماژەی بەوەکرد کە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی وەک یەکێک لە زانکۆ تایبەتەکانی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بە مەبەستی خزمەتکردن بە خوێندکاران و گەشەپێدانی کۆمەڵگای کوردستانی هاتۆتە بوون، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە بەردەوام زانستخوازی و ئەکادیمی بوون سیمای دیاری ئەم زانکۆیە بوون.بەڕێزیان لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئەوەی خستە ڕوو کە بە هەوڵ و ماندووبوونی تەواوی ستافی زانکۆ، ماوەی دوو ساڵە لەسەر یەک زانکۆ لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندی زانکۆ تایبەتییەکانی کوردستان دێت، کە ئەم هەڵسەنگاندنەش لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و بە چاودێری خودی زانکۆکان ئەنجامدراوە.هەروەها بەڕێز سەرۆکی زانکۆ ئاماژەی بەوەدا کە لە ئێستادا زانکۆ هەنگاوی گەورەتر بەرەو نێودەوڵەتی بوونی زانکۆ دەنێت، هەر لە بوونی مامۆستاو خوێندکاری نێودەوڵەتی، تا دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ زانکۆ جیهانیەکان، کە دواترینیان ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی زانستی نێودەوڵەتی بوو لە زانکۆی سەکاریای تورکیا، کە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی هاوبەشێکی سەرەکی ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە بوو.لە کۆتایی دیدارەکەشدا بەڕێزیان وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە دەربارەی زانکۆو پلانی داهاتووی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی بۆ خوێندنی باڵاو پەیوەندی لەگەڵ زانکۆ جیهانییەکان.