هەواڵەکان

سەرۆکی زانکۆی گەشەپێدان بۆ خوێندکاران: بەدەستهێنانی پلەی یەکەم دەکەینە دیاری بۆ پێشمەرگە ئازیزەکانمان

 

لە میانەی رێورەسمێکى تایبەتدا کە بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە ریزبەندی زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان سازکرا، پرۆفیسۆر دکتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید سەرۆکی زانکۆ رایگەیاند: سەرکەوتنی زانکۆ و بەدەستهێنانی پلەی یەکەم دەکەینە دیاری بۆ پێشمەرگە ئازیزەکانمان، وە لێرەوە پێیان دەڵێین کە بە قارەمانێتى و نەبەردى ئێوەو خوێنى شەهیدە سەربەرزەکانمان ئەم دەرفەتە بۆ ئێمە رەخساوە کە برەو بە زانست و خوێندنى باڵا بدەین و سەرکەوتن تۆمار بکەین.
 لە بەشێکی تری وتەکانیدا پرۆفیسۆر دکتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید ئاماژەی بەوەدا کە ئەم سەرکەوتنە بە هەوڵ و ماندووبونی هەموو ستافى زانکۆ بەدەست هاتووە، هەر  لە باخەوانێکەوە تا  سەرۆکی زانکۆ، مامۆستایان و خوێندکارانیش بە هەوڵ و ماندووبوونەکانیان هۆکاری سەرەکى ئەم سەرکەوتنە بوون، بۆیە جێگاى خۆیەتى سوپاس و دەستخۆشیان لێ بکەین.
هەر لەم رێورەسمەدا کە لە کەمپی دووى زانکۆ ئەنجامدرا بەڕێز پڕۆفیسۆر د. مەریوان ئەحمەد رەشید سوپاسی تایبەتی ئاراستەی سەرۆکى ئەنجومەنى ئەمینداریەتى زانکۆ بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی کرد لەسەر هاوکارییە بەردەوامەکانی بۆ زانکۆ، وە وتی یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی بەدەستهێنانی ئەم پلەیە پاڵپشتی بەردەوامی بەرێزیان بووە .
پاشان بەڕێز سەرۆکى زانکۆ ئەوەى خستە ڕوو کە بەدەستهێنانى ئەم پلەیە بە پێی کۆمەڵێک مەرج و پرەنسیپی تایبەت بووە کە لە لایەن وەزارەتى خوێندنى باڵاو بە سەرپەرشتى لیژنەیەکى تایبەت ئەنجامدراوە، وە لە ماوەى ساڵی رابردوو بە بەردەوامى کارمان کردووە تا بتوانین بگەینە ئەم ئەنجامە.   
هەروەها بەڕێزیان جەختیکردەوە کە کاری داهاتوو جگە لە پاراستنى ئەم دەستکەوتە، کارکردنە بۆ بەدەست هێنانی ناوبانگی نێودەوڵەتی و بەدەستهێنانی پلەی باش لە ریزبەندی زانکۆکانی جیهان، راشیگەیاند کە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەو مەبەستەو هەر لەم میانەشدا هەفتەی رابردوو وەفدێکى زانکۆ کە لە سەرۆکى زانکۆو یاریدەدەرەکانى و چەند مامۆستایەک پێکهاتبوو سەردانى زانکۆی سەکاریاى تورکیایان کردوو بەشدارى کۆنگرەیەکى زانستى نێودەوڵەتییان کرد، کە لەو کۆنگرەیەدا جگە لە وتارى سەرۆکى زانکۆ کە وتارى سەرەتاى کۆنگرەکە بوو، مامۆستایانى زانکۆی گەشەپێدانى مرۆیی چەندین توێژینەوەى گرنگیان پێشکەش کرد. 
لە کۆتاییدا سەرۆکى زانکۆ هیواخواز بوو کە مامۆستایان و خوێندکارانى زانکۆی گەشەپێدان بەردەوام بن لە داهێنان و کارى باشتر، بۆ ئەوەى لە داهاتوودا زانکۆکەیان لە بەدەستهێنانى پلە بەرزەکان بەردەوام بێت.
شایانى باسە ئەم مەراسیمە بە بەشدارى مامۆستایان و خوێندکارانى زانکۆو لە دوو کاتى جیاوازدا بۆ هەردوو دەوامى بەیانیان و ئێوارانى زانکۆ بەڕێوەچوو، وە مایەى خۆشحاڵی بەشداربووان بوو کە زانکۆکەیان لەو ئاستە بەرزەدا ئەبینن.