هەواڵەکان

زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی یەكەمی زانكۆ تایبەتیەكانی هەرێمی كوردستانە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 18/10/2016 لە ڕیورەسمێكی تایبەتدا بە ئامادەبوونی بەڕێز جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەك لە سەرۆك زانكۆكانی هەرێمی كوردستان ریزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان راگەیەندرا.
لە سەرەتای رێورەسمەكەدا سەرەتا بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە گرنگی ئەم ریزبەندییە دا لە بواری هاندانی زانكۆكان و زیاتر بەرەوپێش بردنی ئاستی ئەكادیمی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.
دواتریش بەڕێز د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی جگە لە ئاماژەدان بە پێوەرەكانی هەڵسەنگاندنی زانكۆكان، شێوازی كاری ریزبەندییەكەی لە ماوەی رابردوو رونكردەوە.
پاشان بەڕێزیان ریزبەندی زانكۆ حكومی و تایبەتیەكانی خستەڕوو كە لە ریزبەندی زانكۆ تایبەتییەكانی هەرێمی كوردستان، زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی پلەی یەكەمی وەرگرتووە.
شایانی باسە ماوەی دوو ساڵە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ریزبەندی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لەسەر چەند بنەمایەكی زانستی و ئەكادیمی رادەگەیەنێت و لە هەردوو ساڵەكەش زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە پلەی یەكەمی زانكۆ تایبەتەكانی هەرێمدایە.