هەواڵەکان

سەرۆكی زانكۆ لە كۆنفرانسێكی نێو دەوڵەتیدا لە توركیا:گرفتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها بە گیانی پێكەوەژیان و گفتوگۆی هێمنانە دەگەنە چارەسەر

سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بەڕێز پڕۆفیسۆر د. مەریوان ئەحمەد رەشید بە یاوەری هەردوو یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆو به‌رێوه‌به‌رى په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆو چەند مامۆستایەكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بەشداری كرد لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی زانكۆی سەكاریا. ئەو كۆنفرانسە كە رۆژی 11/10/2016 دەستی بە كارەكانی كردو سێ رۆژ بەردەوام بوو لە شاری سەكاریای توركیا ئەنجامدرا، چەندین كەسایەتی ئەكادیمی و سیاسی لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی بەشداریان تیادا كرد و دەیان توێژینەوەی گرنگ پێشكەش كران. سەرەتای كۆنفرانسەكە بە وتەی سەرۆكی زانكۆی سەكاریا دەستی پێكرد، كە تیایدا سەرەڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان و توێژەرانی كۆنفرانسەكە باسێكی لەسەر ئامانجەكانی كۆنفرانسەكە پێشكەش كرد.

هەر لە سەرەتای كردنەوەی كۆنفرانسەكەدا بەڕێز پڕۆفیسۆر دكتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید سەرۆكی زانكۆ وتەیەكی پێشكەش كردو تیایدا سەرەتا بەڕێزیان تیشكی خستە سەر مێژووی دروست بوونی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی و هەنگاوەكانی فراوان بوونی و كارە زانستی و ئەكادیمییەكانی زانكۆ. هەروەها بەڕێزیان لە بەشێكی تری وتەكەیدا ئاماژەی بەوەدا كە لە ئێستادا وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست چەندین گرفتی جۆراوجۆری سیاسی و ئابوریەوە دەناڵێنن كە بۆتە هۆكاری دواكەوتنی رەوتی زانست و خوێندن لەم وڵاتانە و تەشەنەسەندنی بیری توندڕەوی، بۆیە ئەركی سەرەكی ئەم كۆنفرانسەیە كە بە دوای وەڵام و چارەسەر بۆ ئەم گرفتەدا بگەڕێت.

هەر لە میانەی وتەكەیدا بەڕێز سەرۆكی زانكۆ ئاماژەی بەوەدا كە هەڵكەوتەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەكە پێكهاتەیەكی هەمەجۆری لە رووی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەوە لەخۆ گرتووە، كە ئەم پێكهاتەیەش لە هەندێك لەم وڵاتانە بووەتە هۆكاری ململانێی نەتەوەیی و ئاینی و چەندین جەنگ و نەهامەتی بەدوای خۆیدا هێناوە. بۆیە لێرەدا جێی خۆیەتی داوا بكەین كە هەمووان رێز لە جیاوازیەكانی یەكتر بگرین و پێكەوە ژیان و گفتوگۆی هێمنانە بكەینە تاكە رێگای چارەسەری گرفتەكان و جەنگ و ململانێ ناشارستانییەكان وەلا بنێین.

 شایانی باسە پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیمانگایەكی سەر بە زانكۆی سەكاریای توركیایە، كە گرنگی بە توێژینەوە دەدات لەسەر بابەتەكانی پەیوەست بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم كۆنفرانسەش سێیەم كۆنفرانس بوو لەم بوارەدا سازی بدات. زانكۆی گەشەپێدانی مرۆییش كه‌ یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ زانكۆی ناوبراودا هه‌یه‌ وه‌ك لایه‌نێكی هاوبه‌شی سازكردنی كۆنفرانسه‌كه‌ بە چەند توێژینەوەیەك لە رێی مامۆستایانی زانكۆكەوە بەشداری ئەم كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەی كرد.