هەواڵەکان

مامۆستایانی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بە چەند توێژینەوەیەك بەشداری سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن

 

پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی زانكۆی سەكاریای توركیا لە رۆژانی 11 تا 13/10/2016 سێیەمین كۆنفرانسی خۆی لەسەر سیاسەت و كۆمه‌ڵگا له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست  ئەنجامدا. زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی وەك یەكێك لە هاوبەشەكانی كۆنفرانسەكە بەشداربوو لەو كۆنفرانسە كە ئەمەش بەشێكە لەو نامەی لێكتیگەیشتنە كە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی لەگەڵ زانكۆی ناوبراو واژۆی كردووە. هەر لەم چوارچێوەیەدا ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بە توێژینەوەی زانستی بەشداریان كرد لە كۆنفرانسەكەدا. لە دووەم رۆژی كۆنفرانسەكە بەڕێز (پ.د. ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د فه‌ره‌ج) بە توێژینەوەیەك لەژێر ناونیشانی (ئاكته‌رى ناده‌وڵه‌ت و دەوڵه‌تی شكستخواردوو له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا) بەشداری كرد، هەر لە هەمان رۆژیش بەڕێز (پ.ی.د. رێبوار كریم محمود) بە توێژینەوەیەك لەژێر ناونیشانی (داهاتووی په‌یوه‌ندیه‌كانی عێراق و توركیا له‌ قۆناغی پۆست داعشدا) بەشداری كرد لە كۆنفرانسەكەدا. ئەمە جگە لەوەی بەڕێز (م.ی. سه‌لام عبدالقادر عبدالرحمن) یەكێكی تر بوو لەو مامۆستایانەی زانكۆی گەشەپێدان كە بە توێژینەوەیەك لەژێر ناونیشانی (پارادۆکسی سیاسی گروپە عێراقیەکان: چارەسەرێکی ئاسایشی) له‌ رۆژی دووه‌می كۆنفرانسەكەدا بەشداری كرد، هەر لە هەمان رۆژیش بەڕێز (م.ی. كاردۆ كریم رشید) بە توێژینەوەیەك دەربارەی داهاتووی دەوڵەتی عێراق بەشداری كۆنفرانسەكەی كرد. لە دوایین رۆژی كۆنفرانسەكەش بەڕێز (د. عه‌لاءالدین جه‌نگۆ) بە توێژینەوەیەك لەژێر ناونیشانی (نظرية الاستنقاذ في الفقه الإسلامي مقارنة بمبدأ التدخل الانساني السريع في القانون الدولي) بەشداری كۆنفرانسەكەی كردو دوایین توێژینەوەی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بوو لەم كۆنفرانسە نێو دەوڵەتییەدا پێشكەش كرا. شایانی باسە سێیەمین كۆنفرانسی سیاسەت و كۆمه‌ڵگا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست كە لە لایەن پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەر بە زانكۆی سەكاریا ئەنجامدرا، وەك یەكێك لە كۆنفرانسە نێودەوڵەتییە گرنگەكان ئەژمار دەكرێت كە چەندین كەسایەتی ئەكادیمی و سیاسی لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان بەشداریان تیادا كرد.