ئەرشیفی هەواڵەکان

زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەكۆڵێتەوە

 

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە 23/2/2017 بەڕێز پڕۆفیسۆر د. مەریوان أحمد رشید سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی پێشوازی كرد لە بەڕێز د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، مەبەستی سەردانی بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بۆ بەشداری بوو بە توێژینەوەیەك لە سیمپۆزیۆمێكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بە ناونیشانی داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و عێراق.

ئەم سیمپۆزیۆمە كە سەنتەری گەشەپێدان بۆ توێژینەوەو راهێنان لە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی سازی كردبوو لە دوو پانێڵ پێك هاتبوو، لە پانێڵی یەكەمدا هەریەك لە بەرێزان د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و پ.د. أنور محمد فرج یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدان بۆ كاروباری زانستی تیایدا بەشداربوون و پ.ی. د. زانا رەئوف بەڕێوەی برد، هەر دوو بەڕێزان لە توێژینەوەكانیاندا تیشكیان خستە سەر كێشەو گرفتەكانی ئێستای هەرێم و هۆكاری دروستبوونی قەیرانەكان و شێوازی چارەسەر كردنیان.

لە پانێڵی دووەمدا كە بەڕێزان پ.ی. د. ئومێد رەفیق و پ.ی.د. كەنعان حەمە غەریب تیایدا بەشداربوون و لە لایەن بەڕێز د.زمكان علی بەڕێوەبرا، هەر یەك لەو بەڕێزانە تیشكیان خستە سەر چەند لایەنێك لە قەیرانەكانی ئێستای عێراق و هۆكارو دەرئەنجامەكانی، ئەمە جگە لەوەی داهاتووی سیاسی عێراق لەنێو ئەم گۆڕانكارییانە بەشێك بوو لە بابەتی توێژینەوەكانیان.

لە كۆتایی هەر یەك لە پانێڵەكانیش مامۆستایان و ئامادەبووان بە پرسیارو رونكردنەوە زیاتر بابەتەكانیان دەوڵەمەندتر دەكرد.

شایانی باسە سیمپۆزیۆمی داهاتووی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق لە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بە ئامادەبوونی چەندین مامۆستاو توێژەر لە زانكۆی گەشەپێدان و زانكۆكانی تری شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، لە كۆتایی ئەم چالاكییە زانستییەش بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.