ئەرشیفی هەواڵەکان

زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی خەباتی سەردەمی زێڕینی شاخ بە خەباتی سەردەمیانەی شارەوە گرێ دەدات

 

ئەمڕۆ، ٣٠ كانونی دووەمی ٢٠١٧، لە دەستپێكی مەراسیمی دابەشكردنی بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولێكی تایبەت بە (كارگێڕی و بەڕێوەبردن) كە لە لایەن سەنتەری گەشەپێدان بۆ توێژینەوە و راهێنان (DCRT)ی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆییەوە كرابوەوە بۆ ئەفسەران و پلەدارانی بەشی كارگێڕی سەر بە بەڕێوبەرایەتیەكانی وەزارەتی ناوخۆ، پڕۆفیسۆر دكتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید (سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی) دەستخۆشی لە بەشداربوان و راهێنەران و بەڕێوبەرانی خولەكە كرد. بەڕێزیان رۆلی بەرچاوی هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش و پۆلیسی بەرز نرخاند و، ئامادەیی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی راگەیاند بۆ خزمەتكردن بەو توێژە ماندونەناسە لە پای خەبات و كاری بەردەوامیان بۆ راگرتنی سەقامگیری كوردستان و پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان.
 
هەر لە مەراسیمەكەدا، بەڕێز لیوا محسن عوسمان (بەڕێوبەری گشتی ناوخۆ لە وەزارەتی ناوخۆ) سوپاسی تایبەتی پێشكەشی بەڕێز سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی و كارگێڕان و راهێنەرانی خولەكە كرد و، ئەم هەوڵانەی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بەرز نرخاند كە لە ماوەی دوو ساڵدا دوو خولی بەهێزكردنی تواناكانیان بەشێوەیەكی ئەكادیمی و بە خۆبەخش كردۆتەوە بۆ ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس. بەڕێزیان جەختیان لەوە كردەوە كە ئەوە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆییە بە كردار و بێ چاوەڕوانی هیچ پاداشتێك و تەنها لە پێناو خزمەتكردنی كوردستان، بە هەمان هەستی كوردانەی پێشمەرگەكانی سەردەمی زێڕینی شاخ، لە ناو شاردا خەبات دەكەن و سەرۆك و كارگێڕان و مامۆستا و كارمەندانی ئەم زانكۆیە خزمەتی شایستە پێشكەش دەكەن. هەروەك هیوای خواست كە ئەم جۆرە كار و چالاكیانە ببنە مایەی گۆڕانكاری تەواو لە شێوازی مامەڵە و پەیوەندی نێوان هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش و پۆلیس لەگەڵ هاوڵاتیان بە ئاراستەی سڕینەوەی هەر جۆرە وێنایەكی نادروست كە بە هۆی ستەمكاری چەكدارانی تافی حكومەتی بەعسەوە و بە بەرگێكی هاوشێوەی ئەم بەرگەی ئێستا ستەم لە هاوڵاتیان دەكرا.
 
لە كۆتایی مەراسیمەكەدا، لۆگۆی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی پێشكەشی بەڕێز لیوا محسن عوسمان كرا و بڕوانامەی بەشداریكردن بەخشرایە ئەفسەرانی بەشدار لە خولەكە و بڕوانامەی رێزلێنانیش بەخشرایە راهێنەرانی خولەكە كە زۆربەیان مامۆستایانی تایبەتمەندی كۆلیجی كارگێڕی و ئابوری زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بوون.