ئەرشیفی هەواڵەکان

 وتاری لیژنەی باڵای ڕێورەسمی پێنجەمین خولی  دەرچوانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی

سەرەتا بەناوی لیژنەی باڵای رێوڕەسمی دەرچوانەوە جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی پۆلێکی تر لە خوێندکارانی دەرچوی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی دەکەین وهیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین، پاش دەرچونی ئێوەی بەرێز وەک پێنجەمین پۆلە خوێندکار، زانکۆکەمان سەلماندی کە سەرکەوتن و هاتنە دی هیوا و ئاوات و خزمەتەکانی بە زانست و زانیاری بەردەوامەو لە داهاتودا باشترو فراوانتریش دەبێت، سەرکەوتنی زانکۆش ساڵ بە ساڵ بەردەوامی هەیەو دەبێت، ئەمەش بە ماندو بوون و هەولڕ وهیمەتی چەندین مامۆستای لە خۆ بوردو ودڵسۆز کە بناغەیەکی پتەویان داڕشت و ئیستاش بەرهەمی کارە جوان و خزمەتە کەیان بەرجەستە بوەو بەردەوامی هەیە.
دەرچوانی خۆشەویست...
ئەمرۆ ئێمە لەم بۆنەیەدا کە درێژەمان بە خەباتی زانستی داوەو لەم بارو دۆخە ناهەموارەدا کە میللەتەکەمانی پیا تێپەر دەبێت کۆڵنەدەرانە و بەو پەری سەرکەوتوانە توانیمان ساڵێکی تری سەخت، تەواو بکەین و سەدان دەرچوی تر پێشکەش بە گەلەکەمان بکەین و ئەو بارودۆخە ناهەموارە نەیتوانی رێگری بکات لە بەردەم درێژە پێدان بە رەوتی زانست ، ئەمەش بە هەوڵ و هیمەتی هەموو لایەک و کار ئاسانیەکانی سەرۆکایەتی زانکۆو هاوکاری و بەخشینە دڵسۆزانەکەی جەنابی پرۆفیسۆر دکتۆر علی قەرەداغی خاوەنی زانکۆ توانرا دۆخەکە تێپەڕێنرێت .
خوێندکارانی بەرێزی دەرچوو...
پیروزبایی گەرمتان ئاراستە دەکەین کە توانیتان سەرەرای باری ناهەموارو سەختی بژێوی ژیان ، ئەم قۆناغە سەختە تێپەرێنن. هیوادارین دەرچونتان و کۆتایی هاتنی ژیانی زانکۆییتان سەرەتای قۆناغێکی تری سەرکەوتن و گەیشتن بێت بە ئامانجەکانتان، زانکۆکەمان شانازیتان پێوە دەکات کە لەم دۆخەدا نمونەی جوانی پابەند بوونتان بە دەوام و وەرگرتنی زانستەوە پێشکەش کرد و بونە ئەزمونێکی تری سەرکەوتویی زانکۆیەکی ئەهلی قازانج نەویست کە نمونەیەکی زۆر جوان و پێشکەوتوی پێشکەش کردوە.
پیرۆز بێت لێتان دەرچوون و سەرکەوتن و بڕینی قۆناغێکی نوێی ژیان و بە هیوای ئایندەیەکی باشترو رۆلڕ بینینی سەرکەوتوانە لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا.

لیژنەی ئامادەکاری
ڕێوڕەسمى پێنجەمین خولى دەرچووان
1/10/2016