ئەرشیفی هەواڵەکان

 

پڕۆفیسۆر دكتۆر عەلی قەرەداغی: پێویستە حكومەت كاری جددی بكات بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی

 

لە میانەی بەشداریكردنی لە یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی پەیمانگا تایبەتییەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێز پڕۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی سەرۆكی ئەنجومەنی ئەمینداریەتی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بابەتێكی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد. لەو كۆنفرانسەدا كە بەڕێز پڕۆفیسۆر د. مەریوان ئەحمەد رەشید سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی یاوەری بەڕێزیان بوو، پەیمانگا تەكنیكییەكانی (ئایندە، رەواندوز، ئاكرێ) بەشداربوون و بە هاوبەشی لەگەڵ زانكۆی فاتیح لە هەولێری پایتەخت لە رۆژی 23/4/2016 ئەنجامدرا. كۆنفرانسەكە لە ژێر ناونیشانی (چۆنیەتی چارەسەركردنی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان/ تێڕوانینێكی ئەكادیمیانە) بوو، كە تیایدا چەند توێژینەوەیەكی گرنگ لەسەر بارەدۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان خرانە ڕوو. بەڕێز پڕۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی لە میانەی بابەتەكەیدا بە وردی تیشكی خستە سەر هۆكارەكانی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و گرفتە ئابووریەكانی هەرێمی كوردستان. هەروەها بەڕیزیان رێگاچارەی دەربازبوونی لەم قەیرانە روونكردەوەو ئەو هەنگاوانەی دیاریكرد كە پێویستە بگیرێنە بەر بۆ گەیشتن بە چارەسەری قەیرانەكان. بەڕێزیان لە وتەكەیدا جەختی لەوە كردەوە كە ئەركی حكومەتی هەرێم و دەزگا پەیوەندیدارەكانە كە كاری جددی و بە پەلە بكەن بۆ چارەسەری ئەم دۆخە و نەهێڵن قەیرانەكان كاریگەری سلبی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان دابنێت. بۆ ئەمەش بەڕێزیان پێشنیاری گونجاوی خستەروو. لە كۆتاییشدا بەڕێز پڕۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی هیوای خواست كە حكومەت و گەلی كوردستان بە زوویی ئەم قۆناغە تێبپەڕێنن و بە هەموو لایەك هاوكار بین تا لە قەیرانەكان و گرفتەكان دەرباز دەبین.