پەیامی سەرۆکی زانکۆ

                                            

 

پەیامی سەرۆكی زانكۆ بە بۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی زانكۆ تایبەتییەكانی هەرێم

مامۆستایانی بەڕێز..

خوێندكارانی ئازیز..

كارمەندانی خۆشەویستی زانكۆ..

سڵاوو رێزو خۆشەویستیم بۆ هەمووان..

سوپاس بۆ خوای میهرەبان وا بۆ جارێكی تر زانكۆكەمان توانی پلەی یەكەم لە ریزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بەدەست بهێنێت.

بەدەستهێنانی ئەم پلەیە دوای یارمەتی و پشتیوانی خوای گەورە، بە دڵنیاییەوە بە هەوڵ و ماندووبوون و شەونخوونی سەرجەم ستافی زانكۆ بەدەست هاتووە، بۆیە هەموومان هەر لە مامۆستایان و خوێندكاران و ستافی زانكۆ بەشدارن لەم دەستكەوتە مەزنەو مایەی شانازیە بۆ هەموومان بێ جیاوازی، بۆیە بەناوی خۆم و سەرۆكایەتی زانكۆوە سوپاستان دەكەم و دەستخۆشیتان لێ دەكەم كە توانیتان زانكۆ بگەیەننە ئەم ئاستە بەرزە.

بەڕێزان..

وەك لای هەمووان ئاشكرایە ریزبەندی نیشتیمانی زانكۆكانی كوردستان ماوەی چەند ساڵێكە بە شێوەیەكی ئەكادیمی لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستییەوە ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش كۆمەڵێك داواكاری و مەرجیان لەسەر زانكۆكان داناوەو لیژنەیەكی تایبەتیش لە ماوەی ساڵێكی خوێندندا چاودێری خاڵ و داواكارییەكان دەكات، بۆیە دەتوانین بڵێین پرۆسەكە پرۆسەیەكی وردی درێژخایەنەو زانكۆكان لەو ماوەیەدا ئاگاداری هەموو خاڵبەندی و بەڕێوەچوونی كارەكانن.

بۆیە بەدەستهێنانی ئەم ئەنجامە بۆ دووساڵی یەك لەدوای یەك لە لایەن زانكۆی گەشەپێدانی مرۆییەوە بەرهەمی هەوڵ و ماندوو بوون و كاركردنەو مایەی شانازیمانە، بە تایبەت بۆ ئەمساڵ زنكۆكەمان لە ریزبەندی گروپی یەكەمیشدا یەكەم زانكۆیە و پلەی یەكەمی بە پێی خاڵەكان بەدەست هێناوە.. كە ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە كە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی زانكۆوە بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی ئەمینداریەتی پڕۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی جەختی لێكردۆتەوە كە تەنها زانست و زانستخوازی بنەمای كاركردنمان بێت.

لە كۆتاییدا وێڕای دووبارە دەربڕینی سوپاس و پێزانینم، هیواخوازم هەموومان دەست لەناو دەست بەردەوام بین لە خزمەتكردن و بەرەوپێش بردنی پرۆسەی زانستخوازی لە كوردستان تا بتوانین خزمەت بە رۆڵەكانی گەلەكەمان بكەین و هەمیشەش زانكۆكەمان لە پلە باڵاكاندا بهێڵینەوە..

  

هەر شاد و سەرفراز بن ..

  

پرۆفیسۆر دكتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید

سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی

20/10/2016