پەیامی سەرۆکی زانکۆ

 

پەیامی هەفتانەی سەرۆكی زانكۆ

مامۆستایانی بەڕێز..

خوێندكارانی ئازیز..

   لەم هەفتەیە زانكۆكەمان پێ دەنێتە دوایین قۆناغەكانی خوێندنی ئەمساڵ، لە چەند رۆژی داهاتوو خوێندكاران بەرەو هۆڵەكانی تاقیكردنەوە هەنگاو دەنێن و خۆیان ئامادە دەكەن بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامی هەوڵ و كۆششی ساڵێكی تەمەنیان..لێرەوە دەمەوێت سەرەتا دڵنیایی بدەمە هەموو خوێندكارانی خۆشەویستمان كە سەرجەم پێداویستی و ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان سەركەوتووانە ئەنجام دراوەو باشترین كەش و هەوای تاقیكردنەوەكانیان بۆ فەراهەم كراوە.هەر لێرەوە داوا لە خوێندكاران و قوتابیانی خۆشەویستی زانكۆكەمان دەكەم كە  سوودی تەواو لە كاتەكانیان وەربگرن و ئەم ماوەیەی لە بەردەستیان ماوە بەرنامەڕێژی بكەن و خۆیان ماندوو بكەن، تەنها و تەنها چاویان لە سەركەوتن و بە دەستهێنانی پلەی بەرز بێت.زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی سوپاس بۆ خوا ساڵ بە ساڵ بەرەو سەركەوتنی زیاتر و گەشەسەندن هەنگاو دەنێت و بەرهەمی زیاتر پێشكەش بە گەلی كوردستان دەكات.. هیوادارین بە هەوڵ و كۆششی هەموو لایەك ئەمساڵی خوێندنیش سەركەوتووانە بەسەر بەرین و خوێندكارانمان بە ئاواتەكانیان بگەن..

 

هەر شاد و سەرفراز بن ..

 

پرۆفیسۆر دكتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید

سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی

27/5/2016

 

 

  

مامۆستایانی بەرێز..

خوێندكارانی ئازیز..

 

   لەم دوو هەفتەیەی رابردوو زانكۆكەمان وەك ناوەندێكی گرنگی مەعریفی چەندین چالاكی ئەكادیمی و زانستی گرنگی لەخۆگرت، هەر لە ڤیستیڤاڵی ساڵانەی زانستی كۆمپیوتەر و ئایتی تا ئەنجامدانی چەندین پانێڵ و كۆنفرانسی گرنگی ئەكادیمی، كە بە دڵنیاییەوە بابەتەكان هەموویان بابەتی گرنگ و پەیوەست بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانەوە بوون. زانكۆ لەم بوارەدا دەیەوێت دەستپێشخەر بێت و پەنجە بخاتە سەر برینەكان، زانكۆكەمان زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی دەیەوێت لە كۆمەڵگا دانەبڕێت و بەردەوام لەگەڵ خەم و ئازارەكانیان بژی و بەپێی تواناش لەو بوارانە نەخشە ڕێگاو پرۆژەی چارەسەر بخاتە بەردەست لایەنە پەیوەندیدارەكان، كە ئەمەش ئەركی سەرەكی زانكۆیە. هەر لەم ماوەیە زانكۆ كارێكی گەورەی ئەنجامدا بە كردنەوەی خولێكی یاسایی و پەیوەندییە گشتییەكان بۆ بەڕێوەبەرایەتیەكانی پۆلیس لە سنووری شاری سلێمانی، كە تیایدا چەندین ئەفسەرو پلەداری هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ لە ماوەی دوو رۆژدا بەشداریان تیادا كردو بووە جێی رەزامەندی و سوودەمەندبوونی هەمووان. كارێكی تر كە لەم ماوەیە جێگای خۆشحاڵی ئێمە بوو ئەنجامدانی كۆنفرانسی زانستی خوێندكارانی زانكۆكەمان بوو، كە بۆ یەكەمجارە لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كارێكی لەو شێوەیە ئەنجام بدرێت و خوێندكاران لە كۆنفرانسێكی فراواندا توێژینەوەكانیان بخەنە روو، ئەمەش وەك بەشێكی گرنگ لە ستراتیژی كاری زانكۆكەمان و هاندانی خوێندكاران بە نیازین ببێتە كارێكی ساڵانە و گرنگی زیاتری پێ بدرێت.

لە كۆتاییدا جێگای دەستخۆشیە لە مامۆستایان و خوێندكارانمان كە هەمیشە شانبەشانی سەركەوتن و هەوڵدان لە بوارە زانستی و ئەكادیمیەكەدا لەم جۆرە چالاكیانەش بەشدارو هاوكارێكی باش بوون.. هیوادارم بە هەموومان بتوانین كارو بەرهەمی زیاتر پێشكەش بكەین..

هەر شاد و سەرفراز بن ..

 

پرۆفیسۆر دكتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید

سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی

12/5/2016

 

 

مامۆستایانی بەرێز..

خوێندكارانی ئازیز..

 

 

   هەفتەی رابردوو لە ماوەی دوو رۆژی یەك لەدوای یەك زانكۆكەمان بوویە لانكەی لەخۆ گرتنی گرنگترین روداوی زانستی لە كوردستاندا، كە ئەویش ئەنجامدانی سێیەمین كۆنفرانسی زانستی ساڵانەی زانكۆكەمان بوو بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو دەزگای زانستی كوردستان (زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی)، كە ئەمەش ئەوەندەی تر لە گرنگی ئەم چالاكییەی زیاتر كرد.لێرەداو دوای ئەنجامدانی ئەم كارە مەزنە بە سەركەوتوویی دەمەوێت چەند خاڵێك بۆ هەمووان دووپات بكەمەوە:

1-  دەمەوێت سەرەتا سوپاسی خۆم بۆ هەموو ئەو بەڕێزانە دووپات بكەمەوە كە هۆكار بوون بۆ سەركەوتنی ئەم كارە زانستییە مەزنە، بە تایبەت جەنابی پڕۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی سەرۆكی ئەنجومەنی ئەمینداریەتی زانكۆ، كە هەمیشە پاڵپشتی ئەم جۆرە كارانەمان بووەو ئاسانكاری بۆ كردووین، هەروەها دەستخۆشی و سوپاسم هەیە بۆ راگرە بەڕێزەكان و مامۆستایانی زانكۆكەمان و هەردوو دەزگای زانستی هاوكارمان و سەرجەم توێژەرانی بەشداربووی كۆنفرانس و خوێندكاران و فەرمانبەرانی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی كە بە هەمووان ئەركی سەرخستنی ئەم كۆنفرانسەیان لە ئەستۆ گرتبوو.

2-  زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی هەمیشە ئەنجامدانی ئەم جۆرە كارانە و گرنگی دان بە توێژینەوەو بابەتە زانستییەكان بە ئەركێكی سەرەكی خۆی دەزانێت، هەر بۆیە ئەوە بۆ ماوەی سێ ساڵە زانكۆ ئەم كۆنفرانسە گرنگە ئەنجام دەدات، ئەمساڵیش سەرەڕای قەیرانی دارایی هەرێم سوپاس بۆ خوا توانیمان بەردەوام بین و سەركەوتووانە كۆنفرانسەكە بە ئەنجام بگەیەنین. ئەمە جگە لەوەی زانكۆ هەر وەك بەشێك لە گرنگیدان بە توێژینەوەكان گۆڤارێكی تایبەتی رێگەپێدراوی هەیە بۆ بڵاوكردنەوەی توێژینەوە زانستییەكان.

3-  ئێمە هەوڵ دەدەین كە راسپاردە و ئەنجامەكانی كۆنفرانسەكە دوای ڕێكخستنەوەو ئامادەكردنی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەین، تا بتوانین وەك ئەركێكی گرنگی زانكۆ بەشدارو هاوكار بین لە چارەسەری هەندێك لە قەیران و كێشەكانی هەرێمی كوردستان.

 

هەر شاد و سەرفراز بن ..

 

پرۆفیسۆر دكتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید

سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی

28/4/2016

 

 

 

  

مامۆستایانی بەرێز..

خوێندكارانی ئازیز..

 

   لەم هەفتەیەدا زانكۆكەمان گەورەترین چالاكی زانستی لەسەر ئاستی هەرێم لە ئامێز دەگرێت، كە ئەویش ئەنجامدانی سێیەمین كۆنفرانسی زانستی ساڵانەی زانكۆكەمانە..

ئێمە لە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی جگە لەوەی ئەوە بۆ ماوەی سێ ساڵی یەك لەدوای یەكە بە بەشداری دەیان توێژەر لە دەرەوەو ناوەوەی هەرێم ئەم كۆنفرانسە ئەنجام دەدەین، سوپاس بۆ خوا ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی دیكە بە هەماهەنگی لەگەڵ دوو دەزگای دیكەی كوردستان كە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی ئەم چالاكییە ئەنجام دەدەین، ئەم هەنگاوەش هەنگاوێكی نوێ و ناوازەیە لە شێوازی هەماهەنگی و پێكەوە كاركردنی زانكۆ و دەزگا ئەكادیمییەكانی كوردستان.

لێرەدا لەگەڵ ئەوەی هیوای سەركەوتن بۆ كارەكانی كۆنفرانس دەخوازم دەستخۆشی لە هەردوو لیژنەی زانستی و لیژنەی ئامادەكار دەكەم كە بە پێی پلان و نەخشەی كار لە كاتی خۆیدا كارەكانی كۆنفرانسیان رێك خستووە و هەموو ئامادەكاریەكان لە كات و شوێنی خۆی بە ئەنجام گەیەنراون..

هەروەك دەستخۆشی و سوپاسم هەیە بۆ سەرجەم توێژەران و مامۆستایانی بەشدار لە زانكۆكەمان و دەرەوەی زانكۆ بۆ بەشداریان لەم چالاكییە گرنگە، هەروەها جێگای خۆیەتی پیرۆزبایی لە سەرجەم خوێندكارانی زانكۆكەمان بكەم كە مایەی شانازییە زانكۆكەیان زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بووەتە لانكەی كۆكردنەوەی توێژەران و زانستخوازان لە كوردستان و دەرەوەی كوردستان، ئەمەش خاڵێكی گرنگ و پرشنگدارە لە مێژووی زانكۆكەمان..

هەر شاد و سەرفراز بن ..

 

پرۆفیسۆر دكتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید

سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی

18/4/2016

 

 

 

مامۆستایانی بەرێز..

خوێندكارانی ئازیز..

 

 

   لە ئێستادا بەرەو وەرزێكی نوێی تاقیكردنەوەكان هەنگاو دەنێین و زۆربەی كۆلێژەكانی زانكۆكەمان لە هەفتەی داهاتوو دەچنە نێو تاقیكردنەوەكانەوە، لێرەوە جارێكی دیكە دەستخۆشیم بۆ مامۆستایانی زانكۆكەمان دووپات دەكەمەوە كە هەمیشە خەمخۆری پرۆسەی زانستخوازی بوون و رێگەیان نەداوە قەیران و گرفتەكان كار لە پرۆسەكە بكەن.

هەروەها لێرەدا داوا لە خوێندكارانی ئازیز دەكەم كە لەم ماوەیەدا زۆرترینی كاتەكانیان تەرخان بكەن بۆ خوێندن و زانستخوازی، بە تەنها بیریان لای سەركەوتن بێت و هیچ بارودۆخێك كاریگەریان لەسەر دروست نەكات.

لێرەوە حەز دەكەم خوێندكارانی خۆشەویست دڵنیا بكەمەوە كە زانكۆكەمان هەمیشە لە بیری ئەوەدایە كە بە باشترین شێوە خزمەت بە خوێندكارانی خۆی بكات و پرۆسەی خوێندن و زانستخوازی لەسەر ستاندەرە ناوخۆیی و جیهانیەكان جێبەجێ بكات، كە تاقیكردنەوەكانیش بەشێكن لەم پرۆسە گرنگە و هاوكارێكی باشی خوێندكارانیشە بۆ فێربوون و سەركەوتنی زیاتر..

هەر شاد و سەرفراز بن ..

 

پرۆفیسۆر دكتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید

سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی

6/4/2016

 


 

مامۆستایانی بەرێز..

خوێندكارانی ئازیز..

   لە ئێستادا بەرەو وەرزێكی نوێی تاقیكردنەوەكان هەنگاو دەنێین و زۆربەی كۆلێژەكانی زانكۆكەمان لە هەفتەی داهاتوو دەچنە نێو تاقیكردنەوەكانەوە، لێرەوە جارێكی دیكە دەستخۆشیم بۆ مامۆستایانی زانكۆكەمان دووپات دەكەمەوە كە هەمیشە خەمخۆری پرۆسەی زانستخوازی بوون و رێگەیان نەداوە قەیران و گرفتەكان كار لە پرۆسەكە بكەن.

هەروەها لێرەدا داوا لە خوێندكارانی ئازیز دەكەم كە لەم ماوەیەدا زۆرترینی كاتەكانیان تەرخان بكەن بۆ خوێندن و زانستخوازی، بە تەنها بیریان لای سەركەوتن بێت و هیچ بارودۆخێك كاریگەریان لەسەر دروست نەكات.

لێرەوە حەز دەكەم خوێندكارانی خۆشەویست دڵنیا بكەمەوە كە زانكۆكەمان هەمیشە لە بیری ئەوەدایە كە بە باشترین شێوە خزمەت بە خوێندكارانی خۆی بكات و پرۆسەی خوێندن و زانستخوازی لەسەر ستاندەرە ناوخۆیی و جیهانیەكان جێبەجێ بكات، كە تاقیكردنەوەكانیش بەشێكن لەم پرۆسە گرنگە و هاوكارێكی باشی خوێندكارانیشە بۆ فێربوون و سەركەوتنی زیاتر..

هەر شاد و سەرفراز بن ..

 

پرۆفیسۆر دكتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید

سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی

6/4/2016

 

 

مامۆستایانی بەرێز..

خوێندكارانی ئازیز..

   لە سەرەتای بەهارێكی نوێ و ژیانەوەیەكی دیكەی سروشت و جوانی لە كوردستانی ئازیزمان سڵاوو رێزو خۆشەویستیم بۆ هەمووان دووپات دەكەمەوە.. لە ئێستادا هەمووان بەرەو پشووی بەهارەی زانكۆ هەنگاو دەنێین كە چەند رۆژێك بە جەستە لەیەكتر و لە ژیانی ناو زانكۆ دادەبڕێین، بەڵام بە دڵنیاییەوە بە رۆح و گیان هەر پێكەوەین و هاوڕێی زانكۆو خوێندن و زانستخوازین.. بەڕێزان بە هیوام ئەم ماوەیەی پشوو، پشوویەك بێت بۆ دڵ و دەروونتان و بتوانن بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگرن، تا ببێتە هۆكاری گوڕو تینێكی زیاتر و هاندەری كاری باشتر و بەرهەمی زیاتر بێت لە دوای هاتنەوەو گەڕانەوە بۆ هۆڵەكانی كارو خەباتی زانستخوازی. لە كۆتاییدا هیوادارم وەرزی بەهار لەگەڵ گوڵ و جوانیدا موژدەی كۆتاییهاتنی قەیران و گرفتەكانی كوردستانی لەناخیدا هەڵگرتبێت، تا هەموومان پێكەوە دەست لە ناو دەست و دوور لە ناكۆكیەكان تەنها و تەنها بیر لە خزمەت و بنیاتنان بكەینەوە..

هەر شاد و سەرفراز بن ..

  

پرۆفیسۆر دكتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید

سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی

10/3/2016

 

  

خوێندكارانی خۆشەویست..

دوای سڵاوو رێز..

      

هەفتەی رابردوو مایەی خۆشحاڵیم بوو كە چەند ساتێكی جوانم لە ناو كەمپی قەرەداغی زانكۆكەمان بەسەر برد.. لەوێ لە نزیكەوە لەگەڵ مامۆستایان و خوێندكارانی خۆشەویستی كۆلێژی زمان یەكمان بینی و گفتوگۆمان كرد.. لەو دیدارەدا زۆر بە ئاسانی هەست بە دڵگەرمی هەمووان دەكرا بۆ خزمەت بە زانكۆو پرۆسەی خوێندن و دڵخۆشیان بە زانكۆی گەشەپێدانیش لە بەرزترین ئاستدا بوو..

لەو سەردانەدا كۆمەڵێك لە قوتابیانی كۆلێژەكە مەراسیمێكی تایبەتیان رێكخستبوو، بە مەبەستی دەربڕینی سوپاس و پێزانینیان بۆ خاوەن و سەرۆكی ئەنجومەنی ئەمینداریەتی زانكۆو سەرۆكایەتی زانكۆ، لە بەرامبەر ئەو هاوكاری و داشكاندنەی كە پێشكەشی خوێندكاران كراوە، هەر لەو مەراسیمەدا جگە لە دەربڕینی سوپاس و دەستخۆشیم بۆ راگرایەتی و مامۆستایان و خوێندكارانی كۆلێجەكە، جارێكی تر ئەوەم دووپات كردەوە كە سەرۆكایەتی زانكۆ وەك هەمیشە لە خەمی گرفت و كێشەكانی خوێندكاراندایە و دەیەوێت هەمیشە ئاستەنگەكانی بەردەم بەرەوپێش چوونی ئەوان لەناوبەرێت و رێگای سەركەوتنیان بۆ ئاسان بكات..

لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا راگرایەتی كۆلێژی زمان خوێندكارە بەهرەمەندەكانی خۆی خەڵات كرد، ئەوەی مایەی دڵخۆشی هەمووان بوو ئەوە بوو كە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بووەتە شوێنی كۆكردنەوەی چەندین مامۆستاو خوێندكاری لێهاتوو بەهرەمەند، كە بە هەموویان مژدەی داهاتوویەكی روناك دەبەخشن بەم گەل و وڵاتە..

بەهیوای سەركەوتن و كاری باشتر.. هەر شادبن..

 

 

 

پرۆفیسۆر دكتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید

سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی

25/2/2016

 

 

 

 

 

مامۆستایانی بەڕێز..

خوێندكارانی خۆشەویست..

دوای سڵاوو رێز..

 

لەم هەفتەیەدا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕیاری دا كە زانكۆ تایبەتەكان 15% لە كرێی خوێندنی خوێندكارانیان خۆش ببن، بەڵام زانكۆكەمان لە ڕێگەی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی ئەمینداریەت و خاوەنی زانكۆ پڕۆفیسۆر دكتۆر عەلی قەرەداغیەوە بڕیاریان دا كە رێژەكە بەرز بكەنەوە بۆ 25% لە كرێی خوێندنی ئەمساڵ.. ئەم بڕیارە بۆ ئێمە لە سەرۆكایەتی زانكۆ مایەی دڵخۆشیەكی زۆر بوو، چونكە هەر كارئاسانییەك بۆ خوێندكاران كارئاسانییە بۆ ئێمە بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری رەوتی زانستخوازی لە زانكۆكەمان و لە كوردستانیشدا.

ئێمە لای خۆمانەوە وەك سەرۆكایەتی زانكۆ پەیمان دەدەین كە ناهێڵێن هیچ بارودۆخێك كاریگەری لەسەر ئاستی زانستی و ئەكادیمی زانكۆكەمان بكات، داواكاریشمان ئەوەیە لە خوێندكارانی ئازیزمان كە ئەم بڕیارو دیاریەی جەنابی پرۆفیسۆر دكتۆر عەلی قەرەداغی بە فرسەتێك بزانن بۆ زیاتر هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆو بەشە جیاوازەكانی، بۆ ئەوەی بە هەمووان بتوانین رەورەوەی زانست و گەشەپێدان بەردەوامی پێ بدەین و سەركەوین بەسەر قەیران و بارودۆخە سەختەكاندا.

هەرشاد و سەرفرازبن..

 

پرۆفیسۆر دكتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید

سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی

11/2/2016

 

 

مامۆستایانی خۆشەویست..

خوێندكارانی ئازیز..

سەرەتا سڵاوو رێزم بۆ هەمووان..

ئەوەی دەمەوێت ئەمجارەو لەم دەرفەتە ئاماژەی پێ بدەم دوو چالاكی گرنگ بوو كە زانكۆكەمان لە ماوەی هەفتەی رابردوو بەخۆیەوە بینی، چالاكی یەكەمیان كە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و بۆ گێڕانەوەی رۆڵی گرنگی زانكۆ بوو لە كۆمەڵگادا ، ئەویش سازدانی پانێڵێك بوو لە لایەن كۆلێژی كارگێڕی و ئابوری بۆ لێكۆڵینەوە لە گرفتە ئابوریەكان و قەیرانە داراییەكانی هەرێم. ئەو بابەتانەی لەو پانێڵەدا پێشكەشكران پەیوەندی راستەوخۆیان بە ژیانی هاوڵاتیانی كوردستانەوە هەبوو، بۆیە لەلایەن ناوەندە ئەكادیمی و رۆشنبیریەكانی كوردستانەوە پێشوازیەكی گەرم لەم چالاكییە كراو بوویە سەرباسی هەواڵە گەرمەكانی رۆژ.

چالاكی دووەمیش بریتی بوو لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵسەنگاندنی مامۆستایان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری زانكۆوە، كە سوپاس بۆ خوا جگە لەوەی سەرجەم مامۆستایانمان بە پلەیەكی باش لەو پرۆسەیەدا سەركەوتوو بوون، كۆمەڵێك مامۆستای دڵسۆزیش لە پلەكانی پێشەوەی ئەم پرۆسەیەدا بوون، كە ئەمە جگە لەوەی بۆ ئێمە لە ئەنجومەنی زانكۆ مایەی دڵخۆشیەكی گەورەبوو، لە هەمان كاتیش بۆ زانكۆكەمان مایەی شانازیە كە خاوەنی ژمارەیەك مامۆستای لەو شێوەیەیە كە بەردەوام لە خەمی خزمەتكردن و بەرەوپێش بردنی ئاستی زانستی و ئەكادیمی زانكۆو خوێندكارەكانیانن.

بۆیە لێرەوە پیرۆزبایی لە مامۆستایان و لە سەرجەم ستافی زانكۆو لە خوێندكارانیشمان دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم ..

هەرشاد و سەرفرازبن..

 

پرۆفیسۆر دكتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید

سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی

4/2/2016

 

 

 

مامۆستایانی خۆشەویست..

خوێندكارانی ئازیز..

لای هەمووان ئاشكرایە كە ئەركی ئێمەیە لە سەرۆكایەتی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام لە بیری بەرەوپێش بردنی زانكۆكەمان بین و هەر هەنگاوێك لەو بوارەدا خزمەت بكات بێ دوودڵی كاری لەسەر بكەین.

لەم سۆنگەیەوەو بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی زانكۆ لەگەڵ زانكۆ جیهانییەكان، لە هەفتەی رابردوو وەفدێكی باڵای زانكۆی سەكاریای توركیا سەردانی زانكۆكەمانیان كرد، كە ئەم سەردانە لە دوای كۆمەڵێك سەردان و پەیوەندی پێشتر هاتەبوون..

وەفدی زانكۆی سەكاریا چەند رۆژێك لە كوردستان مانەوەو لەو ماوەیەشدا چەندین چالاكی جۆراروجۆرو دیداریان لەگەڵ مامۆستایان و خوێندكاران و ستافی زانكۆدا ئەنجامدا و كۆمەڵێك بڕیاری گرنگ بۆ داهاتووی زانكۆ دران.

یەكێك لەو بڕیارە گرنگانەی كە لەم پەیوەندیە دروست بووە جێبەجێكردنی سیستمی (بۆڵۆنیایە) لە هەندێك لە بەش و كۆلێژەكانی زانكۆ بۆ ئەمساڵی خوێندن، كە ئەم سیستمە یەكێكە لە سیستمە جیهانیەكانی خوێندن و زانكۆكەمان شانازی دەكات كە دەبێتە یەكەم زانكۆ لە كوردستان و عێراق سیستمەكە جێبەجێ دەكات..

بۆیە جارێكی تر ئێمە دووپاتی خەمخۆریمان بۆ زانست و گەشەپێدان دەكەینەوەو هیوادارین ئێوەش هاوكارو پاڵپشتمان بن..

هەر شادبن..

پڕۆفیسۆر د.مەریوان ئەحمەد رەشید

سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی

21/1/2016

 

 

 

مامۆستایانی ئازیز..

خوێندكارانی خۆشەویست..

رۆژی پێنج شەممە لە دوو ئاهەنگی خنجیلانە بەدیداری خوێندكاری قۆناغی یەكەمی زانكۆكەمان گەیشتم، ئەوەی لەو دیدارە هەستم پیكرد حەماسەت و گەرم و گوڕی ئەوان بوو بۆ زانكۆكەیان و خۆشەویستیان بوو بۆ پرۆسەی زانست و فێربوون. بۆیە لای خۆمەوە چاوەڕێی داهاتوویەكی پرشنگداریان لێ ئەكەم.

لەو دیدارەدا جارێكی تر جەختم كردەوە كە زانكۆكەمان سوپاس بۆ خوا هەر لە سەرەتاوە تەنها پێوەری زانست و كۆنمرە بووەو بە یەك چاو تەماشای هەموو خوێندكارانی كردووە، بۆیە هەمووان وەك یەك وەردەگیرێن و وەك یەكیش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و فرسەتی سەركەوتن و پێشەنگ بوونیش بۆ هەمووان بەردەستە..

بۆیە ئەوكات و ئێستاش داوا لە هەموو خوێندكاران بە گشتی و قۆناغی یەكەم بە تایبەتی دەكەم كە هەرگیز كەمتەرخەمی نەكەن لەم قۆناغەی ژیانیان و بیكەنە باشترین هەلی كۆكردنەوەی زۆرترین خەرمانی زانست و زانیاری، بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە لە زانكۆ هەوڵمانداوە هەموو پێداویستیەكیان بۆ فەراهەم بكەین هەر لە دەستەیەك مامۆستای دڵسۆزو فەرمانبەری چالاك تا هەموو پیداویستییە سەرەكیەكانی خوێندن و زانكۆ..

بۆیە پشتیوان بە خوا داهاتوویەكی گەش چاوەڕیی زانكۆكەمان و خوێندكارەكانیەتی..

هیوام ئایودەیی و سەركەوتنتانە.. هەر شادبن

 

پڕۆفیسۆر د.مەریوان ئەحمەد رەشید

سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدان

14/1/2016

 

 

 

مامۆستایانی ماندوو نەناس

خوێندكارانی خۆشەویست..

سەرەتا سڵاوو رێزو خۆشەویستیم بۆ هەموو لایەك..

پێم خۆشە لە دەرفەتی ئەمجارەدا پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی قوتابیانی قۆناغی یەكەمی زانكۆكەمان بكەم، وە دڵنیایان بكەمەوە كە بڕیارێكی گونجاویان داوە بە هەڵبژاردنی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بە سەنگەری دەستخستنی زانست و مەعریفە، چونكە كارو ئەنجامی ساڵانی پێشتر سەلمێنەری ئەوەبوون كە زانكۆكەمان یەكێكە لە سەنتەرە پێشەنگەكانی مەعریفەو زانست لە كوردستاندا. ئەمە جگە لەوەی زانكۆ هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا لە پرۆسەی وەرگرتنی خوێندكاران تەنها پێوەری كۆنمرە بووەو هیچ هۆكارو پێوەرێكی دیكە كاریگەری نەبووە لەم پرۆسە گرنگەدا، بۆیە دلنیابن لە داهاتووشدا پیوەری مامەڵەی زانكۆ تەنها توانا و لێهاتنی خوێندكارانە و هیوادارین ئێوەش بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆتان سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن بەسەركەوتوویی ببڕن..

هەر لێرەشەوە سوپاس و دەستخۆشیم بۆ سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆو هەروەها خوێندكارانی قۆناغەكانی دیكەی زانكۆ هەیە بۆ پێشوازی گەرم و هاوكاریان بۆ قوتابیانی قۆناغی یەكەم..

دووبارە سوپاس.. دڵشادو ئاسوودە بژین..

 

پرۆفیسۆر د. مەریوان ئەحمەد رەشید

سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی   

٢٠١٦/١/١١ 
 
 
                                         
 
مامۆستایانی خۆشەویست..
خوێندكارانی ئازیز.
فەرمانبەران و ستافی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی
 
سەرەتا دەمەوێت بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی 2016 پیرۆزبایی لە سەرجەم مامۆستایان و خوێندكاران و فەرمانبەرانی زانكۆكەمان بكەم، كە سوپاس بۆ خوا ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر ئەیسەلمێنن كە ئەوانن هەڵگری مەشخەڵی زانست و خزمەتكردن.. هیوادارم ساڵی نوێ ساڵی خۆشی و بەدەستهێنانی سەركەوتنی زیاتر بێت بۆ هەموو لایەك و گەلی كوردستانیش لەم ساڵەدا نەهامەتییەكان تێ بپەڕێنێت و بەرەو سەركەوتنی یەكجارەكی بەسەر دوژمناندا هەنگاو بنێت.
وەك لای هەمووان ئاشكرایە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی كە هەر لە سەرەتاوە بڕیاری داوە وەك زانكۆیەكی قازانج نەویست پەیامی زانستخوازانەی خۆی پێشكەش بە كۆمەڵگا بكات، چەند ساڵی رابردووی تەمەنی گەواهیدەری ئەو راستییەن كە زانكۆكەمان هەمیشە پێشەنگ بووەو دەستنیشانكردنیشی وەك یەكێك لە زانكۆ یەكەمەكانی كوردستان سەلمێنەری زیاتری ئەم راستییەن.
بۆیە لێرەوە داوا لە سەرجەم مامۆستایانی زانكۆكەمان دەكەم كە هەوڵ و ماندووبوونی زیاتر بخەنە كار بۆ گەشەدان بە پەیامی زانستخوازی و پێگەیاندنی نەوەیەكی بەرهەمدارو بەتوانا بۆ كۆمەلگەكەمان، هەروەك داوا لە خوێندكارانیش دەكەم كە بە گرنگیەوە لەم ساتە وەختەی تەمەنیان بڕوانن و بیكەنە هەلی كۆكردنەوەی زۆرترین زانست و مەعریفە بۆ داهاتووی خۆیان و میللەتەكەیان.
كۆتا وشەم بۆ خوێندكارانی خۆشەویستە كە بە ئامادەیی تەواوە هەفتەی داهاتوو بەرەو هۆلەكانی تاقیكردنەوە بچن، لە هەوڵدان ماندوو نەبن و تەنها مەبەست لایان سەركەوتن بێت..
دووبارە هیوای خۆشگوزەرانی بۆ هەموولایەك دەخوازم و سەركەوتوو بن..
 
پرۆفیسۆر د. مەریوان ئەحمەد رەشید
سەرۆكی زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی
30/12/2015
 
 
 
 
 
                                                            
                                       

به‌ڕێزان مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و خوێندكارانی خۆشه‌ویستی زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی

 

به‌خێربێن بۆ وێبسایتی زانكۆ

له‌سه‌ره‌تای دروستبونی زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆییه‌وه‌ له‌ساڵی (٢٠٠٨) ه‌وه‌ شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م پێدراوه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ بكه‌م. هه‌میشه‌ش ئه‌و ئه‌ركه‌م به‌كارێكی گرنگ و په‌یامێكی گه‌وره‌ ته‌ماشا كردووه‌. چونكه‌ ئه‌ركی په‌روه‌رده‌كردنی نه‌وه‌یه‌كی گرنگی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌رده‌وام پێویستی به‌نوێبونه‌وه‌ و گه‌شه‌كردن هه‌یه‌.زانكۆكه‌تان ده‌یه‌وێـت وه‌ك یه‌كێك له‌پێكهێنه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ئه‌ركی راسته‌قینه‌ی خۆی له‌نێو كۆمه‌ڵی كورده‌واریدا ببینێت له‌پێناو خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی كوردستان به‌بێ جیاوازی. ئه‌زمونی چه‌ند ساڵی كه‌می زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی ئه‌وه‌ی بۆ هه‌مووان سه‌لماندووه‌ كه‌ ئه‌م زانكۆیه‌ ئامانجی راسته‌قینه‌ی پاش خزمه‌تكردن، بریتیه‌ له‌ رێزگرتنی پایه‌ زانستییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ دوور له‌هه‌ر ده‌ستتێوه‌ردانێكی نازانستی.به‌ڕێزان، زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی له‌ (4) كۆلێج پێكهاتووه‌ له‌هه‌ردوو كه‌مپی زانكۆ له‌ بناری گۆیژه‌و قه‌ره‌داغ له‌پارێزگای سلێمانی. له‌ئێستادا نزیكه‌ی (4700) خوێندكاری هه‌یه‌و دابه‌شبون به‌سه‌ر كۆلێجه‌كانی یاساو رامیاری له‌هه‌ردوو به‌شی یاساو زانسته‌ رامیارییه‌كان. كۆلێجی زمان له‌هه‌ر سێ به‌شی زمانی عه‌ره‌بی و زمانی ئینگلیزی/به‌یانیان و زمانی ئینگلیزی/ئێواران. كۆلێجی زانست له‌هه‌ردسێ بەشی كۆمپیوته‌ر/به‌یانیان و كۆمپیوته‌ر/ئێواران و ئایتی/بەیانیان، هه‌روه‌ها كۆلێجی كارگێڕی و ئابوری به‌شی زانستی دارایی و بانكی و کارگێری کار. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زانكۆ له‌به‌رنامه‌یدایه‌ سالاَنه‌ به‌پێی پێوه‌ره‌ زانستییه‌ جیهانییه‌كان كۆلێج و به‌شی نوێ بكاته‌وه‌.

 

هه‌میشه‌ گه‌شاوه‌ بن و به‌خێربێن بۆ زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی

 

 

 پرۆفیسۆر

دكتۆر مه‌ریوان ئه‌حمه‌د ڕه‌شید

سه‌رۆكی زانكۆی گه‌شه‌پێدانی مرۆیی

هه‌رێمی كوردستانی عێراق

٢٠١٢/٢/١