چالاکی خوێندکاران

 

بە بەشدارى خوێندکارانى بەشى دیپلۆماسى و پەیوەندییە گشتییەکان / لە كۆلێژی یاسای زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی کەمپەینێک بۆ قوربانیانى چەکى کیمیاى بەڕێوەدەچێت

 

خوێندکارانى بەشى دیپلۆماسى و پەیوەندییە گشتییەکان و ڕێکخراوى ڕزگاربووانى چەکى کیمیاى بە هاوکارى ماڵى میوزیک کەمپەینێک بۆ قوربانییەکانى چەکى کیمیاى شارى هەڵەبجە ڕادەگەیەنن.

کەمپەینەکە لە ژێر ناونیشاى "با ئاوڕێک لە دوا هەناسەکانى هەڵەبجە بدەینەوە" بەڕێوەدەچێت و ئامانج لەم کەمپەینە کۆکردنەوەى پارەیە بۆ ئەو نەخۆشانەى شارى هەڵەبجە کە بەهۆى چەکى کیمیاییەوە تا ئێستا بارودۆخیان ناجێگیرە و لە ئێستاشدا پێویستیان بە چارەسەرى بەپەلە هەیە.

کەمپەینەکە دوێنێ ٢٣/ ٢/ ٢٠١٦ دەستیپێکرد و ڕۆژانى ٢٤ و ٢٥/ ٢/ ٢٠١٦ بەردەوام دەبێت لە بەردەم مۆزەخانەى ئەمنەسوورەکە لە شارى سلێمانى.

کەژ مەجید خوێندکارى بەشى دیپلۆماسى و پەیوەندییە گشتییەکانى زانکۆى گەشەپێدانى مرۆى ڕایگەیاند کەمپەینەکە بۆ هاوکارى ئەو نەخۆشانەیە کە پێویستە بە زووترین کات ببرێنە دەرەوەى وڵات ئەو وتیشى " دواى ئەوەی هەستمان بەوە کرد کە کۆمەڵێک لە قوربانیانى چەکى کیمیاى شارى هەڵەبجە لە ئێستادا زۆر پێویستیان بەوەیە ببرێنە دەرەوەى وڵات بۆ چارەسەر بڕیارماندا ئەم کەمپەینە ڕابگەیەنین لەگەڵ ڕێکخراوى قوربانیانى چەکى کیمیاى و ماڵى میوزیکدا"

کەژ کە یەکێکیشە لە ڕێکخەرانى کەمپەینەکە لە لێدوانەکەیدا بۆ میدیاکاران وتیشى کە داواى ئەوە دەکەن سەرمایەدار و کەسە ناودارەکانى شارى سلێمانى دەکەن بەدەم کەمپەینەکەوە بچن و کەمترین هاوکارى دەکرێت ژیانى کەسێک ڕزگار بکات لە مردن.

یەکێکى تریش لە ڕێکخەرەکانى کەمپەینەکە ڕایگەیاند کە ژمارەى ئەو قوربانیانەى لە ئێستادا پێویستیان بە چارەسەرى بەپەلە هەیە لە نێوان ١٥ بۆ ٢٥ کەسدان، فەرەیدوون نامدار جێگرى بەڕێوبەرى ڕێکخراوى ڕزگاربووانى چەکى کیمیاى ئاماژەش بەوە دەات کە ئەوان چاوەڕوانى هاوکارى دانیشتووانى شارى سلێمانى و هەموو ئەو لایەنانە دەکەن کە دەتوانن هاوکاربن لە سەرکەوتنى کەمپەینەکەدا.

ڕاگەیاندنى کۆلێژى یاسا و ڕامیارى