ئەرشیف

دووه‌مین كۆنفرانسى زانستى نێوده‌وڵه‌تى زانكۆى گه‌شه‌پێدانى مرۆیى

سه‌رله‌به‌یانى ڕۆژی ٢٠١٥/٤/١٥ له‌كه‌مپى دووى زانكۆ له‌شارى سلێمانى به‌سه‌رپه‌رشتى بەڕێز دكتۆر یوسف گۆران و به‌ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان دكتۆر یوسف محمد سه‌رۆكى په‌ڕله‌مانى كوردستان و هه‌ریه‌كه‌ له‌به‌ڕێزان پارێزگارى سلێمانى و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاو سه‌رۆكى ژماریه‌ك له‌ سەرۆک زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان و عێراق و نوێنه‌رى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و كه‌سایه‌تیه‌ زانستى و ئه‌كادیمیه‌كانی چەندین وڵات دووه‌مین كۆنفرانسى زانستى نێوده‌وڵه‌تى زانكۆى گه‌شه‌پێدانى مرۆیى لە ژێر دروشمی گەشەپێدانی مرۆیی ، دیدێکی هاوچەرخ به‌ڕێوه‌چوو. لەمەراسیمی کردنەوەی کۆنفڕانسەکەدا سەرۆکی لیژنەی ئاماده‌كار به‌ڕێز دكتۆر سوهه‌یب ئامێدى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا 118 توێژینه‌وه‌ له‌بواره‌كانى زانستى دارایى و ئابورى، یاساو رامیارى، زمان، ته‌كنه‌لۆجیا پێشكه‌ش ده‌كرێن. دواى ئه‌وه‌ به‌ڕێز پرۆفیسۆر دكتۆر عه‌لى قه‌ره‌داغى سەرۆکی ئەنجومەنی ئه‌میندارێتى زانكۆ وتارێكى پێشكه‌ش كردو وێڕاى به‌خێرهێنانى ئاماده‌بوانى كۆنفرانس‌ ئاماژه‌ى به‌گرنگى سازدانى ئه‌م جۆره‌ كۆنفڕانسانه‌دا له‌سه‌ر ئاستى جیهان و به‌ڕێزیشیان رایگه‌یاند هه‌موو هه‌وڵه‌كانى ده‌خاته‌ گه‌ڕ بۆ خزمه‌ت كردنى زیاتر به‌ خه‌ڵك و خاكى كوردستان به‌تایبه‌ت له‌بوارى زانستى و ئه‌كادیمى لەڕێگه‌ى زانكۆى گه‌شه‌پێدانی مرۆییه‌وه‌. به‌ڕێزیان جەختیان لەوەش كرده‌وه‌ گرنگى دان به‌ گه‌شه‌پێدانى مرۆیى به‌تایبه‌ت له‌ڕوى زانستى و ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ هه‌وڵێكى جدیه‌ بۆ پێش خستنى تاك و كۆمه‌ڵگا، له‌ئێستادا زۆربه‌ى وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كانى جیهان كار له‌سه‌ر ئه‌م شێوازه‌ى كاركردن ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ زانكۆ به‌ناوبانگه‌كان بۆیه‌ پێویسته‌ له‌هه‌رێمى كوردستانیش كارى جدى بكرێت بۆ ئەم مه‌به‌سته‌و كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ له‌زانكۆكان و ناوه‌نده‌كانى بڕیارداندا له‌پێشینه‌كانى كارى حكومه‌ت بن. له‌وته‌یه‌كدا به‌ڕێز د.یوسف محه‌مه‌د سادق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌باره‌ی ڕۆڵی زانكۆ له‌ گه‌شه‌پیدانی كۆمه‌ڵگه‌دا وتی" ده‌بێت زانكۆ ڕۆڵی دیاری له‌ گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌بێت و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونی هه‌بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌ سیسته‌می زانكۆیی ئێمه‌ به‌م ئاڕاسته‌یه‌ ده‌ڕوات، نه‌ سیسته‌می ئابوری، بۆیه‌ گه‌شه‌كردنی سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی و زانكۆیمان پێویستی به‌ پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌". له‌به‌شێكی تری وته‌كانیدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وتی "زانكۆ ته‌نها جێگای ڕاهێنان و فێربوون نییه‌، به‌ڵكو جێگای هاوڵاتی بوونیشه‌. به‌و مانایه‌ی قوتابی زانكۆ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ ده‌توانێت خه‌می خۆی و خه‌می وڵاتی پێكه‌وه‌ گرێبدات و هاوسه‌نگییه‌كیان له‌ نێواندا درووست بكات، هیوادارین زانكۆكانی كوردستان بتوانن ئه‌م ڕۆڵه‌ گرنگه‌ له‌ ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا بگێڕن". دواتر به‌ڕێز دكتۆر یوسف گۆران وه‌زیرى خوێندنى باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستى پاش ستایش كردنى ڕۆڵى به‌رپرسانى زانكۆى گه‌شه‌پێدانی مرۆیی بۆ سازدانى دووه‌مین كۆنفڕانسى زانستى نێوده‌وڵه‌تى، نیگه‌ران بوو له‌وه‌ى له‌هه‌رێمى كوردستاندا بواره‌كانى توێژینه‌وه‌ لاوازن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ڕووى له‌سه‌رۆكى په‌رله‌مان كردو ڕایگه‌یاند پێویسته‌ ئه‌م مسه‌له‌یه‌ له‌په‌ڕله‌مانى كوردستان به‌یاسا ڕێكبخرێت و یاسایه‌كى تایبه‌ت بۆ به‌رهه‌مهێنانى توێژینه‌وه‌ له‌كوردستاندا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ربچێت و بودجه‌یه‌كى تایبه‌تیش له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌رخان بكرێت. وتارى زانكۆى گه‌شه‌پێدان له‌لایه‌ن به‌ڕێز دكتۆر مه‌ریوان ئه‌حمه‌د ڕه‌شید سه‌رۆكى زانكۆوه‌ پێشكه‌ش كراو به‌ڕێزیان جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ به‌ره‌وپێش چونه‌كانى زانكۆ و سازدانى ئه‌م جۆره‌ كۆنفڕانسانه‌و كۆنفڕانسه‌كانى تریش به‌هه‌وڵ و ماندوبون و پشتگیرى كردنى ڕاسته‌وخۆى به‌ڕێز پرۆفیسۆر دكتۆر عه‌لى قه‌ره‌داغى بوه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى زانكۆ به‌ڕێزیان جگه‌ له‌وه‌ى بڕیارى ئه‌وه‌یداوه‌ كه‌ زانگۆى گه‌شه‌پێدانی مرۆیی زانكۆیه‌كى تایبه‌تى قازانج نه‌ویست بێت‌ تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وام لەڕرووى مادى و مه‌عنه‌ویه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ هاوكاریه‌كانى. هه‌روه‌ها به‌ڕێز سه‌رۆكى زانكۆ ڕایگه‌یاند مایه‌ى خۆشحاڵیمانه‌ كه‌زانكۆ گه‌یشتۆته‌ ئه‌م ئاسته‌ و بۆ ئاماده‌بوانى ڕون كرده‌وه‌ هه‌ماهه‌نگى ته‌واو له‌نێوان وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاو زانكۆدا هه‌یه‌و خودى به‌ڕێز وه‌زیرى خوێندنى باڵا هاوكارى به‌رده‌وامى زانكۆیه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سوپاسى به‌ڕێزیانى كرد. گەشەکردنی زانکۆ و بەرزی ئاستی لە پۆلینە نێودەڵەتیەکاندا تەوەرێکی تری وتەکانی سەرۆکی زانکۆ بو. بەڕێزیان ئەوەیان ڕونکردەوە کە لە زانکۆدا چەندین خزمەتگوزاری بۆ خوێندکاران دابینکراوە وێڕای چەندین خولی ڕاهێنان و سیمینار بۆ توێژەکانی تری کۆمەڵگا بۆ پتەوکردنی پەیوەندی زانکۆ لەگەڵیان. دوابه‌دواى وته‌كانى سه‌رۆكى زانكۆ ، له‌لایه‌ن لیژنه‌ى ئاماده‌كارى كۆنفرانسه‌وه‌ كورته‌ ڤیدۆیه‌ك سه‌باره‌ت به‌زانكۆى گه‌شه‌پێدانی مرۆیی نمایش كراو له‌كۆتایى مه‌راسیه‌مه‌كه‌دا جگه‌ له‌به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى پێشنگاى وێنه‌ى كاروچالاكیه‌كانى زانكۆ بیناى نوێى سه‌نته‌رى توێژینەوە و ڕاهێنان له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه‌ له‌به‌ڕێزان پرۆفیسۆر دكتۆر عه‌لى قه‌ره‌داغى و وه‌زیرى خوێندنى باڵاو سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى و سه‌رۆكى زانكۆوه‌ كرایه‌وه‌ لە لێدوانێکیدا بۆ سایتی زانکۆ، بەڕێز د. مەریوان ئەحمەد ڕەشید خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە وێڕای ئەم بارودۆخەی ئێستای کوردستان زانکۆ توانیویەتی کۆنفڕانسی دوەمی زانستی نێو دەوڵەتی ئەنجام بدات. هەروەها سوپاسی تایبەتی خۆی ئاڕاستەی هەریەک لە بەڕێز د. یوسف محمد صادق سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان، بەڕێز د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەڕێز د. ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی، بەڕێز د. هەڤاڵ ئەبوبەکر سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بەڕێز د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی و سەرۆک زانکۆکان و ئەندامانی پەڕلەمان و نوێنەری لایەنە سیاسیەکان کرد بۆ ئامادەبونیان.