بە پەلە ... موژدە خۆشەکە راگەیەنرا؛ لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی ماستەر کرایەوە
Search

بە پەلە ... موژدە خۆشەکە راگەیەنرا؛ لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی ماستەر کرایەوە


2017-05-03 (الاربعاء) [ کلیة اللغات ]

 

سەرۆکی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و سەرۆکی زانکۆی سلێمانی پرۆژەی کردنەوەی خوێندنی باڵا (ماستەر)یان لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی راگەیاند.

ئەمرۆ چوارشەممە 3ی ئایاری 2017 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پرۆفیسۆر دکتۆر مەریوان ئەحمەد  رەشید سەرۆکی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر رەزا حەسەن حسێن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ئاشکرایانکرد کە بۆ ساڵی نوێ خوێندنی ماستەر لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی دەکرێتەوە و ئەوەش پرۆژەیەکی هاوبەشی هەردوو زانکۆی سلێمانی و زانکۆی گەشەپێدانی مرۆییە.

بە پێی رێککەوتنامەکەی نێوان زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و زانکۆی سلێمانی کە ئەمرۆ واژۆ کرا، خوێندنی ماستەر بۆ چوار کۆلێجی (زمان، کارگێڕی و ئابوری، زانست و تەکنۆلۆجیا، یاسا و رامیاری) لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی دەکرێتەوە.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا هەردوو سەرۆکی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و زانکۆی سلێمانی جگە لە دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان بە کردنەوەی خوێندنی ماستەر لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی سوپاسی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد کە ئەم پرۆژەیە لە ژێر چاودێری ئەواندا جێبەجێدەکرێت.

لای خۆشیەوە پرۆفیسۆر دکتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید سەرۆکی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی رایگەیاند: زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی کە بە پێی سیستەمی رانکینگی وەزارەتی خوێندنی باڵا یەکەمی زانکۆ تایبەتییەکانی کوردستانە، لە بەرەوپێشچوونی بەردەوامدایە و کردنەوەی خوێندنی ماستەریش لە میانەی ئەو بەرەوپێشچوونە ئەکادیمیەی زانکۆدایە.

وتیشی: دواتر وردەکارییەکان و مەرجەکانی خوێندنی ماستەر رادەگەیەنین.

هەروەک سوپاسی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و کارگێڕی  و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی هەردوو زانکۆی سلێمانی و گەشەپێدانی مرۆیی کرد کە ماوەی نۆ مانگە بە وردی کار لەسەر ئەم پرۆژەیە ئەکەن.

لای خۆشییەوە پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر رەزا حەسەن حسێن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەم پرۆژە هاوبەشەی نێوان زانکۆی سلێمانی و زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و بە هەنگاوێکی مێژوویی وەسفیکرد.

سەرۆکی زانکۆی سلێمانی باسیلەوەشکرد کە ئەمە یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستاندا پرۆژەیەکی لەم شێوەیە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەمەش دەرفەرتێکی گرنگە بۆ خوازیارانی خوێندنی ماستەر لە پسپۆرییەکانی (زمان، کارگێڕی و ئابوری، زانست و تەکنۆلۆجیا، یاسا و رامیاری) دا.

uhd.edu.iq : University of Human Development

uhd.edu.iq : University of Human Development

uhd.edu.iq : University of Human Development

uhd.edu.iq : University of Human Development

uhd.edu.iq : University of Human Development