وۆركشۆپی : دەستكارى كردنى هەلسوكەوتەكان لاى مندالآن ـ شێوازەكانى سزا دان لەنێوان وەرگرتن و رەت كردنەوە
Search

وۆركشۆپی : دەستكارى كردنى هەلسوكەوتەكان لاى مندالآن ـ شێوازەكانى سزا دان لەنێوان وەرگرتن و رەت كردنەوە


2018-12-27 (الخمیس) [ کلیة القانون و السیاسة ]

رۆژى پێنج شەممە بەروارى 27/12/2018 كاتژمێر یەكى پاش نیوەڕۆ لێژنەى دڵنیای جۆرى لە كۆلێجى یاسا و رامیارى هەستا بە ئەنجام دانى وۆركشۆپێك بۆ بەرێز دكتۆر أسامە صلاح محمد لەسەر ناونیشانى ( دەستكارى كردنى هەلسوكەوتەكان لاى مندالآن ، شێوازەكانى سزا دان لەنێوان وەرگرتن و رەت كردنەوە) ، بەرێزیان لە میانەى بابەتەكەیدا لە رێگەى چەند پرسیارێكەوە كە لەلایەن ئامادەبوانەوە باس و خواسى لەسەر كرا لایەنە نەزەریەكەى شیكردەوە .

uhd.edu.iq : زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی

شایانى باسە ئەم بابەتە باس لە هەڵسوكەوتە نەخوازراوەكانى مندالآن دەكات لەلایەن كەسە نزیكەكانیەوە وەك دایك و باوك ، ولێ:دانەوەى ئەو وەلآمدانەوەیە یە كە وەك سزادانى منداڵ تەماشادەكرێت بۆ دەستكارى كردنى هەڵسوكەوتێ:ى دیارى كراوى نەخوازراو.
تەوەرە سەرەكیەكانى پرسیارەكان ئەمانە بوون :ـ
ئایا كام هەڵسوكەوتانەى منداڵان بە شایستەى ئەوە دەبینى كە سزایان لەسەر بدرێت ؟
ئایا ئامانج لە بونى سزا بەهەر جۆرێكى یەوە چى یە بەرانبەر مندالآن ؟
ئایا وا دەبینى كە هەمیشە سزاى مندالآن ئەنجامێكى ئیجابى و تەندروستى دەبێت ؟
ئەو مەرجانە كامانەن كە پێویستە لە سزادانى مندالآندا هەبێت بۆ ئەوەى سزادانێكى تەندروست بێت ؟
چۆن دەتوانین سزادانى منداڵەكانمان بێ ئەنجام نەكەین ؟
ئایا تا ئێستە سزات بەكار هێناوە بۆ دەستكارى كردنى هەڵسوكەوتێكى دیارى كراوى منداڵەكەت ؟
تا چەند توانیوتە ئەو ئامانجانەى كە هەتبوە لە سزادانى منداڵەكەت بەدەست بێنى ؟

uhd.edu.iq : زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی

 


تەوەرە سەرەكیەكانى وۆركشۆپەكە :ـ
پێناسەیەكى سروشتى بۆ ئەو هەڵسوكەوتانەى كە نەخوازراون لەلایەن كەسە نزیكەكانەوە .
وێنا كردنێكى واقعی بۆ سزا دانى منداڵ كە خۆى دەبینێتەوە هەر لە ئازار دانى جەستەییەوە هەتا وتەیەكى نەشیاو یان تێڕوانینێكى تایبەت یان هەر هەڵسوكەوتێكى دیارى كراو كە لۆمەكردن و هەست گەیاندنى تێدا بێت بۆ بەرانبەر كە ئەو كارەى كردویەكى تەندروست نەبوە .
ئامانجى سەرەكى لە سزادانى منداڵ بە شێوەیەكى گشتى ئەوەندەى بۆ دەستكارى كردن و گۆڕانكارى یە لە هەڵسوكەوتێكى دیارى كراودا ئەوەندە گەیاندنى ئازار نیە .
هەر وەك لە زۆربەى كاتەكاندا ئەو سزادانە ئامانج و ویستەكە ناپێكێت بەتایبەت لەسەر ئاستى نزیك و كەترین كاتدا .
هەروەها لە زۆرترین كاتدا منداڵى بەرانبەر لەو سزایە تێناگات كە لەسەر چ بنەمایەك روبەڕوى بوەتەوە یان بۆچ مەبەستێك بوە .
لەتەوەرەیەكى تردا دكتۆر أسامە ئاماژەى بەوە كرد كە سێ سەرەكیترین كێشە و ئەنجامى نادروست هەیە كە دەكرێ بێنە كایەوە لەئەنجامى سزادانى منداڵ بەبێ رەچاو كردنى مەرجە دروستەكانى ، كەئەوانیش بریتین لە :ـ
1/ منداڵ فێرى درۆ كردن دەبێت چ لەسەر ئاستى قسە كردن و دەربڕینەكان ، و چ لەسەر ئاستى هەڵسوكەوت و دەرهاوێشتە فیزیكیەكان .
2/ توندو تیژى نواندنى منداڵ لەگەڵ منداڵە هاوتەمەنەكانى یان كەمتر لەخۆى بەگشتىو دەوروبەرى بەشێوەیەگكى تایبەت ، كە دەرهاوێشتەى مامەڵەى هاوشێوەیە لەگەڵ خۆى .
3/ لە كۆتا شێوەى ئەنجامى نادروستدا كە ئەو بەشە لە مندالآن دەگرێتەوە كە هێزى بەربەرەكانیان نیە لەگەڵ ئەو توندوتیژیەدا و پەنا دەبەنە بەر كەناگیرى و لادانى شاراوە و دور كەوتنەوە لە مەیدانە كۆمەلآیەتیەكەیان .
لە تەوەرەیكى تردا باسیان لە مەرجەكانى سزادانى تەدروست و سەركەوتوو كرد لە دەستكارى كردن و گۆڕانكارى لە هەڵسوكەوتە نەخوزاراوەكانى منداڵدا ، كە خۆیان لە چەند خاڵێكدا بینیەوە :ـ
1/ دیارى كردن و روون بوونى ئەو پێوەرانەى كە منداڵى لەسەر سزا دەدرێ ، یاخود ئەو هەڵسوكەوتانەى كە نەخوازراونلەلایەن كەسە نزیكەكانەوە (دایك و باوك).
2/ پێویستە سزا هاوكات بێت لەگەڵ ئەنجام دانى هەڵسوكەوتە نەخوازراوەكە ، نەك مایەكیان بكەوێـە بەین كە دەبێتە هۆى لەدەستدانى ئەو تێگەیشتنەى كە ئەم سزایە لەپاىئەو جوڵەیەوەیە كە ئەنجامى داوە .
3/ پێویستە پەیوەندیەكى راستەخۆ هەبێت لەگەڵ هەڵسوكەوتە نەخوازراوەكە و ئەو سزایەى كە رووبەڕوى منداڵەكە دەبێتەوە .
4/ پێویستە هاوشانیەكى تەندروست هەبێت لەنێوان هەڵسوكەوتەكە و سزاكە لە رووى گەورەیى و زەرەرمەندیەوە ، بۆ ئەوەى ئەنجامێكى دروستى هەبێت .
5/ پێویستە كەسى خاوەن هەڵسوكەوتەكە سزا بدرێت و دوور بكەوینەوە لە گشتاندنى سزا بەسەر زیاتر لە خاوەنەكەیدا .
6/ تێگەیاندنى منداڵ لەوەى كە بۆچى رووبەڕوى ئەو سزایە بوەتەوە ، و لەسەر كام هەڵسوكەوتەیەتى و ، مەبەستمان گۆڕانكارى یە لەكامە هەڵسوكەوتەیدا .
7/ پێویستە لەكاتى سزادانى منداڵدا متمانە پێكردن و متمانە پێدانەوەمان لەبیر نەچێت بۆ ئەوەى بتوانێ بڕیارى گۆڕاندارى دروست بدات لە هەڵسوكەوتەكانیدا .
8/ پێویستە هەتا بكرێـت دور بكەوینەوە لەهەموو جۆرەكانى سزادا ، بەتایبەت سزا جەستەییەكان ، سەلمێ،راوە كەمترین كاریگەریان هەیە لەسەر دروستكردنى گۆڕانكارى لاى مندالآن .
9/ بەردەوام دەبێ بەهاوشانى سزادان پاداشت و دەستخۆشیمان لەبیر نەچێت بەرابەر ئەو كارە دروستانەى كە منداڵ ئەنجامیان دەدات .
لە كۆتاییدا تیشك خرایە سەر ئەوەى بە ئامانج دانانى نیشان دانى هەڵبژاردەى جیاواز و دروست لەنێوان نادروستەكاندا لەلاى منداڵ خاڵى یەكەمى ئامانجەكانە ، و پێویستە بەو ئەندازەیەى كە منداڵ هەست بە پەشیمانى بكات لەو كارەى كە ئەنجامى داوە كافیە بۆ ئەوەى دڵنیا بیتەوە لەوەى كە ئەنجامێكى دروستت پێكاوە و بەخۆدا چونەوە دروست دەكات لاى منداڵ پاش ئەنجام دانى هەڵسوكەوتە نەخوازراوەكە ، هەروەك ئارامى و دڵنیایەكى دروست دەداتە دایك و باوك كە مامەڵەیان تەندروست تر بكەن لەگەڵ منداڵەكانیان .

uhd.edu.iq : زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی

uhd.edu.iq : زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی