گەشتی وان.. زانست و گەڕان
Search

گەشتی وان.. زانست و گەڕان

2017-09-05 (الثلاثاء) [ کلیة اللغات ]

دوای 19 کاتژمێر لە بەڕێگاوەبوون بە پاسێکی گەشتیاریی، دواجار دەمەو ئێوارە گەیشتینە کەمپی زانکۆی یوزنجی یل لە شاری وان لە باکوری کوردستان. لەوێ لەبەردەم بەشی ناوخۆیی زانکۆکەدا کە بڕیاربوو بۆ ماوەی 10 رۆژ ببێتە ماڵی ئێمە، وێنەیەکی بەکۆمەڵمان گرت و هەمووان چووینە ژوورەکانی خۆمان تا ماندوێتی ڕێگا دەربکەین و بۆ رۆژی دواتر دەستبکەین بە چالاکییەکان.

شەوی 17ی ئابی 2017، گروپێک لە خوێندکارانی قۆناغە جیاوازەکانی بەشی زمانی ئینگلیزی كۆلێجی زمان کە پێکهاتبوون لە 8 خوێندکاری کوڕ، 7 خوێندکاری کچ و دوو مامۆستا و رێکخەرێک، لە شاری سلێمانییەوە بەرەو شاری وان بەڕێکەوتن و لەوێ لەلایەن زانکۆی ئەو شارەوە میوانداری کرابوون بۆ بەشدارییکردن لە پڕۆگرامێكی ئاڵوگۆڕی خوێندكار كە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی رێكیخستبوو. گروپەکە لە سلێمانییەوە لەلایەن بەڕێز پڕۆفیسۆر دکتۆر مەریوان  ئەحمەد رەشید سەرۆکی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و بەڕێز پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر رەئوف کەریم راگری کۆلێجی زمان بەڕێکران و ماڵئاواییان لێ کرا.

سەرەڕای رێگای دوورو درێژ و ماندوێتی زۆر، بەڵام هەمووان زوو زوو دەمانپرسی "چەندمان ماوە بگەینە وان؟" لەگەڵ گەیشتنمان بەو شارەش، بە دڵڕفێنی سروشت و دەریاچە سەرنجراکێشەکەی، ماندوێتیمان لەبیرکرد و بەهەڵپەبووین بۆ بینین و کەشفکردنی زۆرترین شوێنی ئەو شارە.

لەیەکەم بەیانیی گەشتەکە و دوای خواردنی نانی بەیانیی، هەموو رۆیشتن بۆ یەکێک لە کەنارەکانی دەریاچەی وان (بەو پێیەی کەمپی زانکۆکە لەسەر دەریاچەکەبوو، خوێندکاران هەموو رۆژێک دەیانتوانی بەئاسانی بچنە کەنارەکە). هەرچەندە ناوی دەریاچەیە، بەڵام هێند گەورەیە کە کەشتی گەورەی پێدا دەڕوات و "ئەوسەری بەچاو نابینرێت." دەریاچەی وان رووبەری ئاوییەکەی زیاتر لە شەش هێندەی دەریاچەی دووکانی باشوری کوردستان دەبێت. ئەوەش وای کردووە ببێتە گەورەترین دەریاچە لەسەر ئاستی هەموو تورکیا.

بەهۆی ئەوەی لەرۆژی شەممە و یەکشەممەدا گەیشتینە وان و ئەو دوو رۆژە لەوێ پشووی کۆتایی هەفتەیە، مامۆستاکان لە زانکۆ نەبوون و پرۆگرامی کۆرسەکە لەرۆژی دووشەممەدا دەستی پێ دەکرد، بۆیە ئەو دوو رۆژەمان قۆستەوە بۆ بازاڕکردن، شوێنک کە دەتوانی بەر رۆحی راستەقینە و رەسەنی شارەکان بکەویت.

لە گەشتەکانی بازاڕدا، خوێندکاران دەرفەتیان هەبوو تا گفتوگۆ لەگەڵ دانیشوانی شاری وان و کەسانی بیانیی شارەکەش بکەن، زۆر دیمەن و دیاردەی "نامۆ" سەرنجی هەمووانی رادەکێشا. وەک ئەوەی؛ ئەو پاسانەی تەنها شوێنی دانیشنی 14 نەفەری هەبوو، بەڵام 39 کەسی تێدا بوو! لەکاتی بینین و سەلامکردندا ئەوان لەبری ماچکردن، سەریان بەیەکدا دەکێشا!

رۆژی دووشەممە 21ی ئاب، لەگەڵ دەستپێکی هەفتەی نوێی دەوامکردن لەزانکۆی یوزنجی یل، لەکاتی نانی بەیانیدا سەرۆکی ئەو زانکۆیە دکتۆر پەیامی، مامۆستایان و خوێندکارانی بەسەرکردەوە و سڵاوی لەهەمووان کرد و پێکەوە نانی بەیانی خورا. دواتر خوێندکاران بەشداریی وانەیەکی دکتۆر مەمەت مەتین باڕڵك-یان کرد، ئەو لەبارەی کارەکتەر و کەسایەتییەوە دەدوا، پێی وتین "ناتوانن کارەکتەرەکانتان بگۆڕن، بەڵام کەسایەتیتان بەدەست خۆتانە، کەسایتییتان بکەنە ماسێکی جوان بۆ کارەکتەرەکانتان."

هەموومان چێژمان دەبینی لە وتە و شێوازی وانەوتنەوەی ئەو مامۆستا کوردە، زوو زووش کۆپلەیەک گۆرانیی بۆ دەوتین، بەوپێیەی ئەو خۆی هونەرمەندە و خاوەنی بەرنامەیەکی بەناوبانگە بەناوی "دەنگبێژ" لە کەناڵی تەرەتە شەش. لە رۆژانی داهاتووشدا هەمان مامۆستا بە شێوازە تایبەتەکەی و گۆرانییە خۆشەکانی، چەند وانەیەکی دیکەی لەسەر زمان و ئەدەب و شیعری ئینگلیزیی پێ وتینەوە.

گەشتەکە جگە لە پرۆگرامی کۆرسەکە، هاوکات پڕ بوو لە چالاکیی دیکە. هەمووان پێکەوە سەردانی ماڵی پشیلە جوان و دەگمەنەکانی وان-مان کرد، ئەو پشیلانە لە دونیادا وێنەیان نییە بە چاوە ڕەنگاو ڕەنگەکانیان دەناسرێنەوە. هەروەها چووینە سەر قەڵای مێژوویی وان، لەوێوە تەواوی شارەکە و دەریاچەکە دیارە و بە کامی دڵ وێنەمان گرت. لە رۆژەکانی کۆتاییشدا سەردانی بەشی باشوری وان-مان کرد، لەوێ لەگەڵ قایمقام کۆبووینەوەو گفتوگۆیەکی گەرم کرا، دواتر سەردانی چەند ناوچەیەکی مێژوویی دیکەمان کرد و ئەو رۆژەمان بە سەردانیکردنی دورگەی ئاهتەمارا لە ناو دەریاچەکە کۆتایی پێ هێنا.

گەشتەکەی خوێندکارانی بەشی زمانی ئینگلیزی كۆلێجی زمانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی کە بەتەواویی لەلایەن زانکۆی گەشەپێدانی مرۆییەوە سپۆنسەر کرابوو، لەرۆژی 26ی ئاب کۆتایی هات و بۆ رۆژێک دواتر هەمووان بە سەلامەتی گەیشتنەوە ماڵەکانی خۆیان و ئەو گەشتە لە یادەوەریی زانکۆیی خوێندکاراندا بۆ هەمیشە هەڵگیرا.

uhd.edu.iq : University of Human Development

رێنوار نەجم

خوێندكاری قۆناغی چوارەمی بەشی ئینگلیزی

بەشداربووی پڕۆگرامەكە