فعاليات الطلاب

زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی ڕۆژی ئاڵای كوردستان بەرز رادەگرێت..

 

ئەمڕۆ 17/12/2015 زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بە بۆنەی رۆژی ئاڵای كوردستانەوە لە دوو مەراسیمی جیاوازدا لە خوێندنی بەیانیان و ئێوارانی زانکۆ،ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەرز ڕاگیرا . مەراسیمەكان لە هۆڵی پرۆفیسۆر دكتۆر عەلی قەرەداغی ئەنجامدرا كە لەلایەن لیژنەی رۆشنبیری كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری و بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی  كاروباری خوێندكاران و راگەیاندنی زانكۆ رێكخرابوو.

لەو مەراسیمانەدا خوێندكارانی زانكۆ جگە لە پۆشینی جلی نەتەوەیی كورد و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگە، چەندین چالاكی هونەری و نمایشی شانۆییان بۆ بەرز راگرتنی ئەم رۆژە ئەنجامدا، كە سەرجەم چالاكییەكان گوزارشت بوون لە گەورەیی و گرنگی ئەم رۆژە لە مێژووی گەلی كوردستان و شانازییەكانی ناو مێژووی ئەم گەلە خەباتكارە. كۆتایی ئاهەنگەكەش بە بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان تێكەڵ بە دەنگ و سەدای سرودی نەتەوەیی ئەی رەقیب بە پایان گەیشت..

شایانی باسە دوای ئەوەی لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە 17 كانوونی یەكەم وەك رۆژی ئاڵای كوردستان دیاری كرا، ساڵانە لەم رۆژەدا لە دەزگاو دامەزراوە فەرمیەكانی كوردستان چەندین چالاكی جۆراوجۆر بەم بۆنەیەوە ئەنجام دەدرێت.